قادر قادر: بارزانی نەمر بڕیاری دا بەرەنگاری زۆڵم و ستەمی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ببینەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٦٠ ساڵ بەسەر بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن تێدەپەڕێت و بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوولیش دەڵێ، رۆژی ١١ی ئەیلوول رۆژی بەرەنگاربوونەوەی زۆڵم و ستەمی سەر میللەتی کوردە و گەلی کوردستان لەو رۆژەدا بەرەنگاری دڕەندەترین رژێم بۆوەتەوە.
قادر قادر، بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن دیارە رژێمی ئەوکاتی عێراق ھەموو ھەولەکانی خستبووەگەڕ بۆ دژایەتیکردنی گەلی کورد و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کورد خرابوونە نێو زیندانەکانی عێراق، لە بەر ئەوەش بارزانی نەمر دوای راوێژ لە گەل سەرکردایەتی حزب بڕیاری بەرپاکردنی شۆڕشی دژی دەستھەڵاتدارانی ئەو کاتی عێراقی دەرکرد، ھەتا بارزانی نەمر لە کۆبوونەیەکدا فەرمووی (زۆڵم و زۆری حکوومەتی عێراق وایکردووە نەچار بین دەست بۆ چەک بەرین) دواتر بڕیار درا رۆژی ١١ی ئەیلوول بکرێتە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی زۆڵم و ستەم لەسەر خەڵکی کوردستان و شۆڕش دەستی پێکرد.
بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول گوتیشی" لە یەکەم ھەنگاودا، پێشمەرگە دەربەندەکانی لە دوژمن گرت، بۆ نموونە لە دەڤەری سلێمانی چەند دەربەندێک ھەبوون لەوانەش دەربەندی بازیان بووە سەنگەری پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی ھێزەکانی دوژمن لە رۆژی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ وەک یەکەم رۆژی سەرھەلدانی شۆڕش ناونرا.
قادر قادر روونی کردەوە" شۆرشی ئەیلوول چواردە ساڵی خایاند و بە گەورەترین و بەرفراوانترین شۆڕشی کورد ھەژمار دەکرێت، لەبەر ئەوەی بەرگری پێشمەرگە وایکرد دوژمن ناچار بێت بەیانێکی وەک ١١ی ئازاری ١٩٧٠ ئیمزا بکات و ددان بە مافەکانی گەلی کوردا بنێت، ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتوون بەرھەمی شۆڕشی ئەیلوولە، لەبەر ئەوەی شۆرشی ئەیلوول بۆوە پەندێک بۆ حکوومەتەکانی عێراق کە ناتوانن بە زۆڵم و ستەم و چەک گەلی کورد لە نێو بەرن.
شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە رۆژی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ بە رابەرایەتی بارزانی نەمر دەستی پێکرد و بۆ ماوەی چواردە ساڵ گەورەترین سەروەری دژی حکوومەتەکانی ئەوکاتی عێراق تۆمارکرا، شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە مەزنترین شۆڕشی گەلی کورد ھەژمار دەکرێت و زۆرترین خەڵک لە ھەر چوار پارچەی کوردستان بەشداری تێدا کرد.
قائید میرۆ




