مەحموود محەممەد: چاومان لەوەیە وەکو گەورەترین حیزبی عێراق بمێنینەوە

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی و ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی لەبارەی رێگری لە بەربژێرانیان لە ناوچە جێناکۆکەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوامان کردووە هەلی یەکسان بۆ هەموو بەربژێران هەبێت، بەربژێرەکانمان کێشەیەکی ئەوتۆیان نەبووە لەو ناوچانەدا".
گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی بانگەشەی پارتی گوتارێک پێشکێش دەکات، هەروەها لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر وەکو حیزب ئەژمار بکرێت جگە لە هاوپەیمانیێتییەکان، پارتی گەورەترین حیزبە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەگەری گۆڕانکارییەکان لە ژمارەی کورسییەکانیان بەرپرسەکەی پارتی دەڵێ، "متمانەمان هەیە خەڵكێک زۆر متمانە دەدەنەوە پارتی و بەنیازی ئەوەین کە جگە لەوەی کورسییەکانی خۆمان بپارێزین، وەکو یەکەمین حیزبی هەرە گەورەی عێراق بمێنینەوە و کورسیەکانیشمان زیاتر بکەین".
مەحموود محەممەد پێکهێنانی هاوپەیمانیی کوردستان لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی دیکە بە بژاردەیەک دەزانێت کە لە دوای هەڵبژاردن دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
لەبارەی ساڵڕۆژی 11ـی ئەیلوول و بانگەشەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی عێراق، رووداو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ مەحموود محەممەد ئەنجامداوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
رووداو: میکانیزمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە چ شێوەیەک دەبێت؟
مەحموود محەممەد: ئەمڕۆ رۆژێکی پیرۆزە بەنسبەت هەموو گەلی کوردستان و بە نسبەت پارتی و رێبازی بارزانی بە تایبەتی، کە ئەمڕۆ 11ی ئەیلوول رۆژی دەستپێکی شۆڕشێکی مەزنی گەورەی کوردستان بوو، شۆڕشێک کە دەستکەوتی ساڵی 1970 و رێککەوتنی لەگەڵ حکومەت بەدەستهات و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی هەڵمەتی سەرتاسەری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەکەن، بە ئامادەبوونی سەرکردایەتی و بەربژێرەکان.
کۆبوونەوەکە جەماوەری نابێت لەبەر ئەو بارودۆخە تەندروستییەی کە ئێستا هەیە، زیاتر رەچاوی ئەو رێنوێنیی و رێکارانە دەکرێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە. بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ هەم دروشمی سەرەکی حیزب رادەگەیێندرێت، لە رێوڕەسمێکدا هەم خۆناساندنی بەربژێرەکان ئەنجام دەدرێت و چەند گوتارێک پێشکەش دەکرێن، هەروەها ئەو رێکارانەی کە پێویستە بۆ چۆنێتیی ناساندن و بەربژێرەکان زیاتر لە سەرتاسەری کوردستان و پارێزگاکانی دیکەش بناسرێن ئەنجام دەدەین.
رووداو: سەبارەت بە ناوچە دابڕێندراوەکان، تا ئێستا هیچ رێگرییەک لەبەردەم بانگەشەی بەربژێرەکانتان هەبووە لەو ناوچانە؟ لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەلاحەدین و پارێزگاکانی دیکە چۆن بانگەشەی خۆتان دەکەن؟
مەحموود محەممەد: لە راستیدا ئێمە ماوەیەکی دوورودرێژە لەگەڵ حکومەتی عێراق و دامودەزگە پەیوەندیدارەکان بە پرسی ئەمنی، دەبێت هەلی یەکسان بۆ هەموو بەربژێرەکان بڕەخسێندرێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و پەیوەندیکردن بەو جەماوەرەی کە ئەوان کە متمانەیان پێیە دەنگیان پێدەدەن، لەوەدا گەیشتووینەتە خاڵی هاوبەش، ماوەیەکی زۆرە بەربژێرەکانمان هەر لە شنگالەوە تاوەکو خانەقین و مەندەلی بە ئەرکەکانی خۆیان هەڵدەستن، هاوکاری کراون و تاوەکو ئێستا کێشەیەکی ئەوتۆمان بۆ دروست نەبووە.
ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا ئەنجام دەدرێت، پێویستە هەموومان لە خەیاڵمان بێت ئەو وڵاتە پێویستی بە رێکخستنەوەیە. دەبێت پرسی ئەمنی و هاونیشتمانیان وەکو یەک هەموو دەرفەتێکیان بۆ بەشداریکردن دابین بکرێت، لەو رووانگەیەوە بەڵێ لە ناوچە دابڕێندراوەکان لەو شوێنانەی کە ماددەی 140 دەیگرێتەوە کار و چالاکییەکانی کاندیدەکانمان هەیە.
رووداو: لەم هەڵبژاردنە پێشبینی چی دەکەن؟ چی بۆ خەڵک تێدابێت؟ درووشمی سەرەکیتان چی دەبێت؟ وەک ئاشکرایە چەند ساڵێکە داوای باشکردنی دۆخی گوزەران و خزمەتگوزاری زیاتر دەکرێت، ئێوە بە درووشمی چی دەستپێدەکەن.
مەحموود محەممەد: درووشمەکە دەهێڵینەوە بۆ کاتی ئاهەنگەکە کە لەوێ بە یەکجاری هەم رایدەگەیێنین و هەمیش بڵاوی دەکەینەوە.
ئێمە متمانەمان بە خەڵکی خۆمان هەیە لەو بڕوایەداین ئەوانیش متمانەیان بە ئێمە هەبێت، بۆیە هەوڵی ئەوە دەدەین کە ئەم کێشانەی تاوەکو ئێستا لە دەوڵەتی عێراقی چارەسەر نەکراون، ببینە فاکتەرێکی یارمەتیدەر بۆ چارەسەرکردنیان بۆ ئەوەی لەسەر یەکدی کەڵەکە نەکرێن، هەم ئەو کەڵەکە کردنە کێشەکان و چارەسەرنەکردنیانە کە عێراقی بەو بارودۆخە گەیاندووە، هەم لە رووی ئەمنی، هەم خزمەتگوزاری و هەم ئابووری.. ئەم وڵاتە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، کەچی ئێستا راددەی هەژاری لە هەندێک پارێزگا گەیشتووەتە رێژەی 40-50٪، ئەمەش لە راستیدا کارەساتە سەبارەت بە وڵاتێکی وەکو عێراق کە خاوەنی ئەو هەموو داهاتەتە.
لەلایەکی دیکەوە، بۆ دەبێت وڵات لەوەتەی دروستبووە لە کێشەو گرفت و جەنگی نێوخۆیی دەرەکیدابێت؟ ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەی ئەو کێشانەی لەنێوخۆدا هەن، چارەسەر ناکرێن. ئەو کێشانەی کە چارەسەرناکرێن زۆرجار رەنگدانەوەی دەبێت بۆ تەرحیلی کێشەکان هەندێک کێشەی دەرەکی دروست دەکرێت. ئەوەش کارەساتە بۆ ئەو وڵاتە و ئەو وڵاتە تووشی ئەو هەموو قەیرانانە بووە.
رووداو: باستان لەوەکردن لە رێوڕەسمی بانگەی هەڵبژاردن سەرکردایەتیی پارتی بەشدار دەبێت، ئایا سەرۆک بارزانی گوتاری دەبێت؟
مەحموود محەممەد: بەڵێ ئەویش گوتاری دەبێت وەکو سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەکی دیکەوە هەم وەکو خۆشحاڵبوون بەوەی لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشداربێت. برادەرانی دیکەش بە هەمان شێوە بەشدار دەبن لەگەڵ کاندیدەکان.
رووداو: پێشبینیتان بۆ دەنگەکان چییە؟ ئێستا ئێوە خاوەنی 26 کورسین لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەر وەکو حیزب ئەژمار بکرێت جگە لە هاوپەیمانیێتییەکان، پارتی گەورەترین حیزبە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، پێتانوایە وەکو گەورەترین حیزب دەمێننەوە.
مەحموود محەممەد: وەکو باسمکرد، ئێمە متمانەمان بە خەڵک هەیە، خەڵکیش متمانەی بە بۆچوون و دیدگای پارتی هەیە، چونکە ئێمە پێمانوایە پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێکهاتە و دیدگای خەڵکی کوردستان دەکات لە رووی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەوە، تاوەکو ئێستا ئەو پشتیوانییەیان کردووە هەم لە پارتی هەم لە رێبازی بارزانی، ئەمجارەش ئەوەی تاوەکو ئێستا خوێندنەوەی بۆ کراوە خەڵکێکی یەکجار زۆر، جەماوەرێکی زۆر باش متمانەیان بەوە هەیە متمانە بدەنەوە بە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی کە لەگەڵ بەغدا هەمانە چارەسەر بکرێت، بۆیە بەڵێ بەنیازی ئەوەین کە جگە لەوەی کورسییەکانی خۆمان بپارێزین وەکو یەکەمین حیزبی هەرە گەورەی عێراق بمێنینەوە و کورسییەکانیشمان زیاتر بکەین.
رووداو: بەپێی زانیارییەکان و بەپێی ئەو راپرسییانەی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی کراوە، پێشبینی دەکرێت کورسییەکانتان بگاتە 30 کورسی، بەپێی ئەو پلان و بەرنامە و میکانزمی بچووککردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن کورسییەکانتان دەگاتە 30 کورسی و زیاتریش، ئەم پێشبینییە راستە؟
مەحموود محەممەد: من دەڵێم پارێزگاری لە کورسییەکانمان دەکەین و زیاد دەکەین، بەڵام وەکو ژمارەی کورسی ئەمە دەمێنێتەوە سەر زیاتر بەشداریکردنی هەڤاڵانمان و جەماوەر و ئەو متمانەیەی کە دەدرێت بە ئێمە. ئومێد دەکەین لەوە زیاتر بێت.
رووداو: هاوئاهەنگیتان باشبوو لەگەڵ رەوتی سەدر، ئایا ئەو هاوئاهەنگییە ماوە؟ دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ؟
مەحموود محەممەد: لە راستیدا هاوئاهەنگییە بۆ دوای هەڵبژاردن بوو، لە پێش هەڵبژاردن هیچ شتێکمان لەنێواندا نییە، چونکە ئەوان بە جیا بەشدار دەبن و ئێمەش بە جیا بەشدار دەبین و هەمووشمان هەوڵی خۆمان دەدەین. بەڵام لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەوان و هەندێک لایەنی دیکەش چ لە ئاستی کوردستان و چ لە ئاستی عێراق بە گشتی بۆ دوای هەڵبژاردن و چۆنێتیی پێکهێنانی حکومەت و چۆنێتیی بەڕێوەچوون و دانانی کارنامەیەکی گونجاوی سەردەمیانەی کە شایستەی خەڵکی عێراق بێت بۆ ئەو حکومەتەی دەیەوێت کار بکات، پێکەوە لێکتێگەیشتن بکەین و ئەو کارنامەیە دابنێین و ئەو حکومەتە پابەند بێت و بتوانێت ئەو کارنامەیە جێبەجێ بکات.
رووداو: کەواتە رەوتی سەدر نزیکترین لایەن دەبێت کە ئێوە لێیەوە نزیک بن دوای هەڵبژاردن؟
مەحموود محەممەد: تا ئێستا ئەوەی کە خوێندنەوەمان بۆ کردووە و برادەران چوون، رەوتی سەدر و هەندێک لایەنی دیکەش هەیە، کە لە راستیدا ئەوانیش هەر نزیکن. ئێمە راددەی نزیکی و دووریمان دەبەستینەوە بە مەسەلەی چەند باوەڕیان بەوەیە کە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکرێت و چەند باوەڕیان بەوەیە دەستوور جێبەجێ بکرێت، چونکە کۆمەڵێک شت هەیە لە دەستوور تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە ئینتقائیەی خوێندنەوەی بۆ ماددەکانی دەستووری کە لەناو دەسەڵاتدارانی بەغدا هەبووە.
رووداو: جگە لە لایەنە عێراقییەکان لە هەرێمی کوردستانیش یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان بەشدارن، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە تەنیا، هیچ هیوایەک هەیە دوای هەڵبژاردن هەموو لە بەغدا پێکەوە کار بکەن؟
مەحموود محەممەد: بۆ نا، ئەمە شتێکی زۆر سرووشتییە ئێمە بتوانین هەموومان پێکەوە کارنامەیەکمان هەبێت بۆ چۆنێتیی کارکردن لە بەغدا، لە راستیدا پێویستیشە، قورساییەکی زیاتر دەداتە لایەنی کوردی لە پرۆسەی سیاسی عێراقیدا و لەناو پەرلەمان و حکومەتیشدا. بۆیە ئەمە شتێکی دوور نییە، تاوەکو ئێستاش زۆر ئەو بابەتە ئەنجامدراوە و ئەنجامی باشیشی ھەبووە.




