لاوانی چەمچەماڵ: دەنگەكانمان بۆ كاندیدانی پارتییە

چەمچەماڵ-KDP.info- توێژی لاوان و گەنجانی چەمچەماڵ دەڵێن، دەنگەكانمان بۆ كاندیدانی پارتییە. بڕواشیان وایە پارتی دەتوانێت خواست و داواكاریی لاوان جێبەجێ بكات، بۆیە بانگ لە تەواوی لاوان دەكەن لە هەردوو رەگەز، دەنگ بە كاندیدی پارتی بدەن لە چەمچەماڵ.
كاندیدی پارتی لە سنووری بازنەی 5ی سلێمانی بە ژمارە 24، شوان محەمەد رۆستەم رایدەگەیەنێت، لاوانی چەمچەماڵ بە جۆش و خرۆشەوە پشتیوانی لە كاندیدانی پارتی دەكەن و دەڵێن، بە دەنگەكانمان نوێنەری هەموو گەرمیانییەكان دەنێرینە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
ئاسیا عەبدولكەریم، كە چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنییە و بۆ یەكەم جارە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بەشداری دەكات، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی ئەو تاكە حزبەیە من بە شایەنی ئەوەی دەزانم متمانەی خۆمی پێ ببەخشم وەك لاوێكی كوردستان، دەزانم پارتی بە ئامانەتەوە نوێنەرایەتیی نەتەوەكەم دەكات لە هەر شوێنێك بێت، بینیویشمانە چۆن ئەندامانی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داكۆكییان لە مافە نەتەوەییەكانیان كردووین".
ناوبراو دەشڵێ: "من وەك لاوێك وای دەبینم بەهێزبوونی پارتی، ئایندەی من زامن دەكات. بیریشمان نەچێت، پارتی گرنگی بە لاوان دەدات و هەمیشەش بەهێزیی پارتی لەوەدایە لاوان رۆڵی كاریگەریان پێدەدرێت لە هەموو ئۆرگانە حزبی و حكوومی و تەشریعییەكان، ئەوەش وای كردووە لاوان باوەڕیان بە پارتی هەبێت و دەنگی پێ بدەن".
لای خۆیەوە، ئەلەند محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پارتی یەكەم حزبی كوردستانی بووە لە مێژوودا، كە گرنگی و رۆڵی داوە بە توێژی لاوان، هەر ئەوەش وادەكات هەردوو یەكێتیی لاوان و قوتابیان لە ساڵانی پەنجاكان دابمەزرێنێت و لە حكوومەت و پەرلەماندا پۆستی باڵایان پێ بدرێت.
محەمەد گوتیشی: "پێویستە لاوەكانمان پاڵپشتیی پارتی بكەن و دەنگەكانیان بۆ كاندیدەكانی پارتی بێت، چونكە ئێمە دەزانین ئەوە پارتییە هەمیشە لەگەڵ دەنگدەرەكانی ڕاستگۆ بووە و بێئومێدی نەكردوون، ئەوەشە وای كردووە جەماوەری پارتی بەردەوام لە فراوانبووندا بێت، بە تایبەت لاى چینی لاوان".
ئەوین عەلی، كە لاوێكی تری چەمچەماڵە و بۆ یەكەم جارە بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا دەكات، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پارتی ئەو حزبە بەوەفایەیە كە بەرامبەر پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان چی پێویست بێت كردوویەتی، رۆژانە نوێنەرانی پارتی لە حكوومەت و پەرلەمان چالاكی و پڕۆژە بۆ كوردستانیان پێشنیاز دەكەن، ئەوەش وای كردووە من وەك كچێكی گەرمیان دەنگم بۆ پارتی و كاندیدەكەی بێت".
"ئێمە دڵنیاین پارتی حزبێكە دەكرێت متمانەی خۆتی پێ ببەخشی و دەنگ بە كاندیدەكانی بدەی لەسەر سندووقەكانی دەنگدان، من وەك ئەوین دەنگی خۆم بۆ پارتییە و داوا لە لاوان بە گشتی دەكەم متمانەی خۆیان بە كاندیدەكانی پارتی ببەخشن لە تەواوی كوردستاندا، بە تایبەت داوا لە لاوانی گەرمیان دەكەم لە سنووری بازنەی 5 دەنگیان بۆ كاندیدەكەی پارتی بێت بە ژمارە 24". ئەوین عەلی وای گوت.
عەزیز رەسووڵ




