٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کاری بازرگانی لەگەڵ وڵاتان بەئەلکترۆنی دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە سەرچاوەکانی داھاتی ھەرێمی کوردستان زیاد بکەین. ئێستا بازرگانی بووەتە سەرچاوەیەکی داھاتی ھەرێمی کوردستان، دەمانەوێت بۆ ئاسانکاریکردن بۆ بازرگانان کاری بازرگانی بکەینە ئەلکترۆنی و بازرگانان لە ڕێگەی ئەلکترۆنییەوە بتوانن کاڵاکان ھاوردە بکەن.

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد شێخ کامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکوو وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەمانەویت ئاستی بازرگانی بگەینە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی زۆرترین کۆمپانیا بێنە ھەرێمی کوردستان بۆ کاری بازرگانی و وەبەرھێنان، بەڵام پێویستی بە کاری بەردەوامە و بەردەوامین لە کارکردن و دەمانەوێت لە ڕێگەی گۆڕینی ھەندێک ڕێنمایی و ئەو یاسایانەوە کە کاتی خۆی لە پەرلەمان دانراون و ئێستا پێویستیان بە ھەموارکردنەوەیە، بازرگان بەئازادانە بێت و بچێت و کاڵاکانیشی بە شێوەی ستاندارد بێت و کوالێتیی باش بێت و نرخیشی ئەرزان و باش بێت و ببێتە ھۆی ئەوەی کاڵاکە بەکەلک بێت بۆ بەکارھێنان و بازرگانان بەئاسودەیی بچنە ھەموو وڵاتان و کاریش بکەین کاڵای ناوخۆ ھەناردەی دەرەوە بکەین.''

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ''ئابووریی ھەر وڵاتێک بەوە پێش دەکەوێت کە بەرھەمی خۆی ھەناردەی دەرەوە بکات و دراوی قورس بێنێتە ناو ھەرێمی کوردستان، ئێمە تا ئێستا ٨٠%ی ھاوردەکردنی کەلوپەلمان ھەیە، بەڵام ھەموو ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە خۆبژێو بین و ژێرخانی ئابووریمان بەھێز بکەین و بەرھەمی خۆمان ھەبێت و سوودی لێ وەرگرین و ھەناردەی دەرەوەی وڵاتی بکەین، بۆیە بەردەوام کاری بۆ دەکەین و ڕۆتینیاتیش ناھێڵین، ئەویش بە کردنەوەی نووسینگە لە شارەکانی ھەرێم و ئاسانکاری بۆ بازگانەکان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و ئەولکترۆنی و بازرگانی ئەلکترۆنی لەگەڵ وڵاتان دروست بکەین و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشانگایەکی بازرگانیی ئەلکترۆنیمان لەگەڵ وڵاتی چین بکەینەوە و چەند گرێبەستێک بۆ ھێنانی کاڵا ئیمزا کرا، ئەوەش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی بازرگانان بە ئاسانترین شێوە بتوانن کاڵا ھاوردە بکەن لە ڕێگەی ئەلکترۆنیەوە و بە تەقلیدی کۆن کار نەکەن.''

شێخ کامیل باسی لەوەش کرد: ''قەبارەی بازرگانی لە ساڵی ڕابردوو کەم بوو، ئەمساڵ ٣٠٠ مامەڵە زیادی کردووە و بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەزیادبووندایە و ئێستا بازرگانی بووەتە سەرچاوەیەکی داھاتی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش ھەمووی بە ھەوڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە.''

گوتیشی: ''دەمانەوێت ئەگەر نرخی نەوتیش کەم بێتەوە و کێشەی ئابووری دروست بێت، دووبارە ئەو کێشانەمان بۆ دروست نەبێت و سەرچاوەی داھات زیاد بکەین و بەرھەمی خۆمان ھەناردە بکەین، چونکە بەرھەمی ئێمە لە ڕووی کوالیتییەوە زۆر بەرزە، بۆیە لە دەرەوە خواستی زۆری لەسەر دەبێت.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار