٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كابینەی نۆیەم كەرتی گەشتوگوزاری بووژاندەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە كایبنەی نۆیەمدا لە كۆی ئاستە جیاوازەكان هەماهەنگییەكی باش هەیە بۆ برەودان بە كەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان و خۆشبەختانە لەو ڕووەوە بە دەرەنجامی باش گەشتووین و كەرتەكە بووژاوەتەوە.

ئەمەل جەلال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا هەموولا هاوڕا بوون لە زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات، لەو چوارچێوەیەدا یەكێك لە سێكتەرەكان بڕیاردان بوو لەسەر كەرتی گەشتوگوزار و كردنی بە سەرچاوەی سەرەكیی داهات، كە ئەمەش جۆرێك بەرپرسیارییەتی خستە سەر كۆی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت بۆ ئەم بابەبەتە".

ناوبراو گوتیشی: "ئێمە لە چەند ڕوویەكەوە هەنگاومان نا، لەوانە  پێداچوونەوە بە سەرجەم ڕێنماییەكانی وەرگرتنی مۆڵەت و تازەكردنەوەی پێداچوونەوە بە ڕسومات و ڕێكخستنەوەی باج و داهاتەكان، بابەتی دووەم جۆرێك لە ڕێكخستنەوەی ئەو زەویانە بوو، كە موڵكی هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵَ و دارایین، بۆ ئەوەی كە بەشێك لەم زەوییانە كە سیفەتی گەشتیارییان هەیە، تایبەت بكرێن بۆ پڕۆژەی گەشتوگوزاری".

دەشڵێ: "لایەنێكی دیكە لە چوارچێوەی هەوڵەكانمان كە دەستەی وەبەرهێنان هاوكارمانە، بۆ ئەوەیە بەشێكی زۆر لەو پڕۆژانەی تایبەتن بە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی، بێن وەبەرهێنانی تێدا بكەن، جگە لەوە سوودوەرگرتن لە توانای دەرچووانی بەشەكانی گەشتوگوزار كە ڕۆڵیان هەبێ و ئەركیان پێ بدرێت لە پڕۆژەكانی گەشتوگوزار، بۆ ئەوەش كردوومانە بە مەرج لەسەر كۆی هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەكان  كە دەبێت 30 لە سەد سوود لە توانا و شارەزایی دەرچووان وەربگیرێت".

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان روونیشی دەكاتەوە: "یەكێكی دیكە لە پلانەكان، برەودانە بە هەمەجۆركرنی گەشتوگوزار، بەوەی بتوانین بەپێی وەرزەكان و گونجاویی كەش و هەوا هاوشێوەی وڵاتانی دیكە كاری لەسەر بكەین، پێویستە زیاتر لە یەك جۆری گەشتوگوزاریمان هەبێت و بتوانین خواستی گەشتیاران لەو شوێنانە دابین بكەین، هەمیش ببێتە هۆكارێك بۆ ڕاكێشانی ژمارەیەكی زۆر لەو خەڵكانەی كە سەردانی كوردستان دەكەن و لەو ڕێگەیەوە داهاتێكی زیاترمان دەست بكەوێت".

ئەمەل جەلال زیاتر گوتی: "ئێمە لەسەر ئاستە نێودەوڵەتییەكەش لە هەماهەنگیداین لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نوێنەرانی وڵاتانی میوان لە هەرێمی كوردستان، لە هەمان كاتدا لە ڕێگەی بەشداریكردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەكان، كە كۆنتاكت و پەیوەندیی هەیە، بڕیاریشە لە مانگی 11 دوو پێشانگای نێودەوڵەتی لە قەتەر و ئیمارات تایبەت بە گەشتوگوزاری جیهانی بەڕێوە بچن، ئێمە لە ڕێگەی ئەمانەوە دەتوانین ماركێتینگ بۆ كەرتی گەشتوگوزاری بكەین بە دونیای دەرەوە و بیناسێنین".

 

ئەرسەلان ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار