وەزیری تەندروستی حکوومەت جەخت لە خۆپارێزی زیاتر و وەرگرتنی ڤاکسین دەکات
.__2021_09_08_h17m22s17__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا پڕن لە نەخۆش، زیاتر ئەو نەخۆشانەی ٣ تا ٤ ھەفتە لە چاودێریی چڕدا دەمێننەوە باری تەندروستییان ناجێگیرە و لە بارێکی ترسناکدان، بۆ پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانیش سامان بەرزنجی ڕایگەیاند: ''ئەگەر مامۆستا ڤاکسینی وەرنەگرتبێت ئێمە دیراسەی بڕیارێک دەکەین، بێ تێستی کۆرۆنا مامۆستا ناتوانێت سەردانی ھۆڵەکانی خوێندن بکات.''
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان ٣٣٨٢ ھاووڵاتی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ھاوکات ٣٢ ھاووڵاتییش بەو پەتایە گیانیان لەدەست داوە. پەیوەست بە بارودۆخی کۆرۆنا و چەند بابەتێکی تر، لە لێدوانێکی تایبەتدا دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەکوو پێشتر پێشبینیمان ڕاگەیاندبوو لە نێوان ٤ تاوەکوو ٦ ھەفتە ھەڵکشانێک دەگاتە لووتکە، ئێستا لە لووتکە بەرەو خوارەوە دێت بەھێواشی، ڕۆژانە تووشبوون و داخلبوونیش ھەیە و حاڵاتی چاودێرییە چڕەکانیش زۆرن و نەخۆشخانەکان ھێشتا ھەر پڕن لە نەخۆش، بەداخەوە ڕێژەی مردنیش ھەر بەرزە، ئەمەش دەرەنجام و لێکەوتەی چەند ھەفتەی ڕابردووە، واتا زیاتر ئەو نەخۆشانەی ٣ تا ٤ ھەفتە لە چاودێریی چڕ دەمێننەوە و باری تەندروستییان ناجێگیرە و لە بارێکی ترسناکدان، بەداخەوە ئەوانە ئەگەری مردنیان زیاترە، ھاوکات لە ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان توشبوو و مردنمان ھەیە و لە ھەمان بارودۆخدان لە ھەموو ڕووەکەوە ".
پەیوەست بە خۆپارێزیی ھاووڵاتییان و کەمتەرخەمییان بەم بارودۆخەی ئێستای کۆرۆنا، وەزیری تەندروستی ھۆشداری دەدات کە گوێنەدان بە کۆرۆنا بیروبۆچوونێکی زۆر ھەڵەیە و پێویستە زیاتر خۆمان بپارێزین، ھەروەھا جەختیش دەکاتەوە، ڕێکارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بارودۆخەکە، چونکە ئێستا لەسەر ئاستی دنیا ڕێکارەکان گۆڕاون و زیاتر گرنگی بە خۆپارێزی دەدرێت و باشترین ڕێنماییش وەرگرتنی ڤاکسین و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و بەستنی ماسکە. ھەروەھا بە گوێرەی بارودۆخەکەش ھەرکات پێویست بێت لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆ دەبێتەوە.''
لەبارەی پێدانی ڤاکسین بۆ مامۆستایان، بەرزنجی دەڵێت: "ئێستا لە ھەڵمەتێکی ھەفتەی مامۆستایانداین، پێویستە ھەموو مامۆستایان سەردانی سیستەمەکە بکەن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن و ڤاکسین وەربگرن. ئەگەر مامۆستا ڤاکسینی وەرنەگرتبێت ئێمە دیراسەی بڕیارێک دەکەین، کە دەبێت مامۆستاکە ھەفتانە تێستی کۆڕۆنا بکات، ئەوکات دەتوانێت سەردانی ھۆڵەکانی خوێندن بکات.''
ھاوکات لەبارەی ئەو ڕێنمایی و بڕیارانەی بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی کە سەردانی کوردستان، یاخود سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: "ئەو ھاووڵاتییانەی سەردانی کوردستان دەکەن، دەبێت تێستی کۆرۆنایان پێ بێت، یاخود ھەردوو ژەمی ڤاکسینیان لێ درابێت، ئەو ھاووڵاتیانەشی سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن، دەبێت تێستی کۆرۆنایان پێ بێت، ئەگینا ڕێ بە گەشتکردنیان نادرێت، تەنھا ئەو وڵاتە ئەورووپاییانە نەبێت کە داوای ھەردوو ژەمی ڤاکسین دەکەن، تاوەکوو ڤیزە بدەن بە ھاووڵاتیانی بیانی.''
ھەڵکەوت محەمەد




