کاندیدێکی پارتی: سەرکەوتن لەم ھەڵبژاردنەدا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە

زاخۆ -KDP.info- کاندیدی ژمارە ٢٣ی بازنەی دووی سنووری پارێزگای دھۆک گوتی، سەرکەوتن لەم ھەڵبژاردنە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە خەڵک پارتی بە ھی خۆیان دەزانن و پارتی قوربانیی زۆری داوە و ھەمیشە داکۆکیی لە کوردستان و مافی خەڵک دەکات.
کاندیدی ژمارە ٢٣ی بازنەی دووی سنووری پارێزگای دھۆک، عەبدولواحید ئەحمەد ڕەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تاوەکوو ئێستا تەنھا بەربژێرەکان بۆ خۆیان بانگەشە دەکەن و سەردانی ماڵان دەکەن و ھێشتا بەفەرمی دەستی پێ نەکردووە، بەڵام خۆمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بەفەرمی دەست بە بانگەشە بکرێت و ھەرچی پێویستە ئامادەمان کردووە و پارتی خۆی ئامادەکاریی باشی کردووە.''
عەبدولواحید ئەحمەد ڕەشید گوتیشی: ''پەیامی ئێمە بۆ خەڵکی خۆمان ئەوەیە کە ئەوان شۆڕشیان دەست پێ کردووە و زۆرترین شەھیدیان داوە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.''
کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەش کرد: ''ئەو خەڵکە جارێکی دیکە ئامادەن پشتگیری لە پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن و ئەگەر گلەییشیان ھەبێت لە دابینکردنی ھەندێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری، لە ئەنجامی ئەوەیە کە خەڵکی سنووری زاخۆ و سێمێل، پارتی وەکوو سەروەری خۆیان دەناسن،ب ۆیە ئەوانیش گلەیی لە پارتی دەکەن و پارتییش بە سینگی فراوانەوە کێشەکان وەردەگرێت و چارەسەریشیان دەکات، بۆیە پارتی سەرکەوتن تۆمار دەکات.''
ڕەشید ڕوونیشی کردەوە: ''پارتی ھیچ کات ڕێگە نادات کوردستان بفرۆشرێت، بەڵام پارتی پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکات و کاریش بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی کورد لە بەغدا دەکات، وەک چۆن لە ڕابردووشدا کردوویەتی.''
بڵند ئیبراھیم




