نەدا مێرگەسۆری: دەبێت هەموومان دەنگ بە پارتی بدەین.. ئیرادە شەرعیەتی دەوڵەتبوون دروست دەکات

هەولێر-KDP.info- لە درێژەی وێبینارەکانی هەفتانەی لقی ٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان، خاتوو نەدا مێرگەسۆری، پەرلەمانتار و بڕیاردەری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (متمانەبەخۆبوون و ئیرادەی گەل لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا) پێشکەش کرد.
لە دەستپێکی بابەتەکەیدا، باسی لەو بابەت و لێکۆڵینەوانە کرد کە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لەلایەن چەند کەسانێکەوە ووروژێندران و، ئەو بەراوردەی بارودۆخی نێوان ئەفغانستان و کوردستانی بە نادادپەروەر ناوزەد کرد. گوتیشی، جیۆپۆلەتیكی هەرێمی کوردستان و پێگەی هەرێمەکە و سیاسەتی سەرکردایەتیی کوردستان، جیاوازییەکی یەکجار گەورەی لەگەڵ بارودۆخی ئەفغانستاندا هەیە.
ئاماژەشی دا، بە داخەوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە بابەتانە و دروستکردنی دڵەڕاوکێ لە کوردستان، ئیرادەی گەلێك لەبیر کرا، کەوا سەرچاوەی هێز و پشتگیری بووە بۆ هەموو شۆڕشەکانی کوردستان و وەدەستهاتنی دەستکەوتە مەزنەکان.
مێرگەسۆری هەروەها گوتی: "ناکرێت لە کوردستان بە کشانەوەی وڵاتێکی زلهێز نیگەران ببین و بە هاتنی وڵاتێکی تری زلهێز دڵخۆش ببین، پێویستە بە ئیرادەی گەلەکەمان دڵخۆش بین و متمانەی تەواومان بە ئیرادەی گەلەکەمان هەبێت، کە لە هەموو شتێك گرینگترە. سەرۆك بارزانی لە گوتەیەکی بەنرخدا کە لە کۆتایی پەرتووکی بۆ مێژوودا هاتووە دەڵێت "دەبێت تەنها پشت بە خودا و بە خۆتان ببەستن".
هەروەها گوتی، هەر کاتێك کوردستان تووشی نسکۆ بووبێت، هەر ئەو ئیرادەیەی گەلی کوردستان بووە کە جارێکی تر کوردستانی هەڵساندووەتەوە سەر پێ. بڕوا و متمانەبەخۆبوون و ئیرادە دوو خەسڵەتن لە یەکتر جیا نابنەوە و پێویستە ئیرادەی بەهێز هەبێت بۆ ئەوەی متمانەبەخۆبوون دروست ببێت.
هەر لە درێژەی وێبینارەکەدا، خاتوو نەدا مێرگەسۆری شیکردنەوەیەکی فەلسەفیانەی دەربارەی زاراوەی (ئیرادە) پێشکەش کرد کە لەسەر دەستی فەیلەسووفە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان پێناسەی کراوە. لەو سۆنگۆیەشەوە تیشکی خستە سەر ئەوەی کەوا ئیرادەی گەلان بووەتە چەمکێکی گرینگی ناوەڕۆکی دەستور و پەیماننامەکان و میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان و گرینگیی ئەو وشەیە لەوەوە دێت، کەوا ئەو بابەتە بنەمای سەرەکیی دروستبوونی متمانەیە لەلایەن گەلان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئاماژەشی بەوە دا کەوا لە دیباجەی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە ئیرادەی گەل بنەمای شەرعیەتی وڵاتانە و شەرعیەتی دەوڵەتبوون دروست دەکات.
لەو ڕوانەگەیەشەوە، ئاماژەی بە سەرکەوتنی تەجروبەی ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهانی کرد کە بە ئیرادەی گەلەکەیان و دیدگای سیاسیی سەرکردەکانیان توانییان وڵاتەکانیان بگەیەننە کەناری ئارام و ببنە یەکێك لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان.
خاتوو نەدا مێرگەسۆری هەروەها ڕوونی کردەوە: "کوردستان وەك کاراکتەرێکی نادەوڵەتی پێگە و ڕۆڵی کاریگەری خۆی هەیە لە سیاسەتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان و مومکین نییە ئەو پێگە و ڕۆڵە پشتگوێ بخرێت". ئاماژەشەی بەوەش دا کە تەنها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەرۆکی ووڵاتێکی زلهێزی جیهان کە فەڕەنسایە بە فەرمی سەردانی هەرێمی کرد، هاوکات شاندێکی پارتی جەهەپەی تورکیا و سەرۆکی پەرلەمانی ئەردەن لە یەك کاتدا لە هەرێمی کوردستان بوون. ئەو سەردانانە گرینگی و گەورەیی پێگەی هەرێم لە ناوچەکە دووپات دەکەنەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کەوا ئیرادەی گەلی کوردستان هیچ کاتێك ڕووی لە کەمی نەکردووە، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر و بەهێزتر دەبێت لە پێنا وەدەستهێنانی مافەکانی. لەو سۆنگۆیەشەوە ئاماژەی بە ئیرادەی سەرکردە نەمرەکانی کورد دا، لە وانیش شێخ عەبدولسەلام بارزانی کە لەبەر ئیرادەی خۆی بۆ سەرخستنی گەلەکەی لە سێدارە درا، هەروەها دەستپێکردنەوەی شۆڕش بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر بۆ ئیرادەی بەهێزی ئەو سەرکردە نەمرە دەگەڕێتەوە. ئەو ئیرادە بەهێزەش بوو کە توانی بۆ یەکەمین جار ئوتۆنۆمی بۆ گەلی کورد لە بەشەکەی عیراق بە فەرمی وەدەست بێنێت.
گوتیشی: "گشتپرسی لوتکەی ئیرادەی گەلی کوردستان بوو، هەروەها ڕووداوێکی بێ هاوتا بوو لە مێژووی گەلی کورد و دۆکیومێنتێکی مێژووییمان لێی وەدەست هێنا، کە بە هیچ وڵات و لایەنێك ناسڕێتەوە و لە گەلەکەمان وەرناگیردرێتەوە. ئیرادەی گەلەکەمان جارێکی تر بووە هۆکاری تۆمارکردنی داستانەکانی مەخمور و پردێ و سحێلا و مەحمودیە و پەیامی ئەوەیان گەیاندە هەموو لایەك کەوا ئەوان ناتوانن ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێنن."
لە درێژەی بابەتەکەیدا، خاتوو نەدا مێرگەسۆری گوتی کەوا سەرۆك بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بە جوانترین شێوە سیاسەت دەکەن و تەوازونی هێزیان لە ناوچەکە پاراستووە و ئەو ئەرکە قورسەیان خستۆتە سەرشانی خۆیان بۆ ئەوەی ئێمە بە ئارام و ئازادی لە کوردستان ژیان بەسەر ببەین.
گوتیشی دەبێت هەموومان دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چونکە ئەو پارتە لە هیچ ناخۆشیەك پشتی لە گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی نەکردووە، بەڵکو قوربانیی زۆری داوە بۆ ئەوەی گەلی کورد بە ئازادی ژیان بەسەر ببات.
لە کۆتاییشدا خاتوو نەدا مێرگەسۆری پێشنیازی ژمارەیەك هەنگاوی کرد کە گرینگن بە مەبەستی بەهێزترکردنی ئیرادەی گەلی کوردستان، لەوانەش سەروەرییەتی یاسا، گەشەپێدان بە پڕەنسیپەکانی دیموکراسیەت، حوکمی ڕەشید لە دەوڵەتداری و نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی، هاوکات یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و پاراستنی مافی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و پاراستنی مافی مرۆڤ. ووتیشی برەودان بەو هەنگاوانە دۆزی ئێمە بەهێزتر دەکات و ووڵاتانی زلهێز زیاتر پشتگیریمان لێدەکەن، چونکە دەتوانین پەرەی زیاتر بە ئازادی و دیموکراسیەت بدەین و ببینە سومبولی پێکەوەژیان و دەوڵەتداری لە ناوچەکەدا.
جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، کە کوردستان پێویستی بە لۆبییەکی زیاتری کورد هەیە لە دەرەوە و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لەو سۆنگۆیەشەوە ئاماژەی بە گوتەیەکی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانۆئێڵ ماکڕۆن دا کە باس لە جینۆسایدی هەڵەبجە دەکات، کە تا ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو تاوانەی بە جینۆساید نەناساندووە، گوتیشی، بۆ ناساندنی ئەو کارەساتە و کارەساتەکانی تریش، پێویستمان بە بەهێزکردنی لۆبیکردن هەیە.




