٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاوپەیمانان 149 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر پێشکێشی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاروانێکی دیکەی هاوکارییان پێشکێشی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ئەمڕۆ هاوکارییەکان لە بارەگای وەزارەتی پێشـمەرگە رادەست کران.

لە رێوڕەسمی وەرگرتنی هاوکارییەکاندا عەمید روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی سوپاسالاری پێشمەرگە رایگەیاند، سوپاسی رۆڵ و دۆستایەتی هاوپەیمانان دەکەین کە قۆناخ بە قۆناخ لەگەڵمانن، پێشمەرگەش وەکو هێزی هاوپەیمان و شەڕکەر سوودی زۆری لە هاوکارییەکان بینیوە و هاوکارییەکانیان بەرز دەنرخێنین و داوادەکەین بەردەوامبن.

هاوکارییەکان پێکهاتبوون لە 50 هەمەری دژەگوللە، 29 بارهەڵگر، 23 شۆفڵ و حەفارە، 21 تەنکەری سووتەمەنی، 16 تەنکەری ئاو و 10 بارهەڵگری رزگارکەر.

عەمید روکن هۆشمەند حەیدەر گوتی، "پێویستە فەرماندەکانمان رێنوێنیی تەواویان بۆ بەکارهێنانی ئامێرەکان هەبێت و کارەکانی تیمی راوێژاکاریی لۆجیستی هاوپەیمانانیش بەرز دەنرخێنین و سوودمان لە رێنوێنییەکانیان بینیوە".

هاوکات عەقید تاد بورز، گەورە راوێژکاری هێزەکانی هاوپەیمانان لە کوردستان رایگەیاند، شانازییەکی گەورەیە لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدام و ئێمە و پێشمەرگە دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە.

عەقید تاد بورز ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە وەکو هاوپەیمانان پاڵپشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین و ئێمە دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە و تێدەکۆشین بۆ لەناوبردنی ئەو دوژمنە و گوتیشی" هاوپەیمانان بەردەوامدەبێت لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە و هیوادارین سوودێکی باش لەو هاوکارییانە ببینن لە داهاتوودا و داوا دەکەین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان دەکەن، بەهەمانشێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانە بکەن". 

ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 26-07-2021 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 50 هەمەری سەربازیی، سێ تانکی ئاو و 25 بارهەڵگری مامناوەندی رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد. لەو بارەوە سەنتەرى میدیایی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە درێژەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی هاوپەیمانان پێشکێش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکەن، بەشێک لەو هاوکارییانە گەیشتنە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان واژووی پێدان و وەرگرتنی ئەو هاوکاریانە لە لایەن هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا."

    

هەواڵی پەیوەندیدار