٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. چواس حەسەن: رەنگە دوای ھەڵبژاردنی عێراق کێشەکە بکەوێتە نێوان خەڵک و دەسەڵاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێرـKDP.infoـ ئەکادیمییەکی یاسا دەڵێت، لەم ھەڵبژاردنەدا ھیچ کام لەوانە کاندید نەکراون کە لە خۆپێشاندانەکاندا چالاک بوون و لە شەقام داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان دەکرد، بەڵکوو کاندیدەکان ھەمان کەسانی ١٥ ساڵ لەمەوبەرن، بۆیە وای لێ دەخوێنرێتەوە کە ئەم جارە کێشەکە بکەوێتە نێوان دەسەڵات و ھاووڵاتییانەوە، نەک لە نێوان لایەنە سیاسی و مەزھەبییەکاندا بێت.

ئەو بۆچوونە سیاسییانەی دەربارەی ھەڵبژاردنی ١٠ی١٠ی ٢٠٢١ لە ئارادا هەن، چین و عێراق و گەلی عێراق و گەلی کوردیش بەرەو کوێ دەبەن. پەیوەست بەمە، د. چواس حەسەن، ئەکادیمیی یاسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کورستانی ڕاگەیاند: ''بۆ ھەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجوومەنی نوێنەران چەند سیناریۆیەک ھەیە. کە بازنەکان بچووک کرانەوە مەبەست ئەوە بوو ئەو کەسانەی لەنێو لایەنەکاندا پشتیوانییان لێ ناکرێت و خەڵکی لۆکاڵی، بەڵام کەسایەتین، بتوانن دەربچن. بەڵام گۆڕینی ئەم یاسایە وای لێ دەخوێندرێتەوە کە حیزبە گەورەکانی عێراق، بەتایبەت شیعەکان، کە گۆڕەپانەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا بە پشتیوانیی سیستەمی ھەڵبژاردنەکە سەرکەوتن مسۆگەر بکەن و هەر خۆیان دەربچنەوە و کۆنتڕۆڵی پەرلەمان و، لەوێشەوە کۆنتڕۆڵی حکوومەت بکەن.''

د. چواس حەسەن ئاماژەی دا: ''لە مانگی ١٠ی ٢٠١٩ خۆپێشاندانەکان لە عێراق دەستیان پێ کرد و ئێستا ئەوە دەگەینە مانگی ١٠ی ٢٠٢١ و نزیکەی دوو ساڵی بەسەردا چووە، لەم دوو ساڵەدا ئەو گۆڕانکارییەی زیاتر ھاتە پێشەوە ئەوە بوو کە بەھۆی کۆڕۆنا و بارودۆخی ترەوە خۆپێشاندانەکان نەمان، ھەڵچوونی شەقامی عێراق داکشایەوە و مت بووەوە و، خەڵکێکی زۆری چالاکان و ڕۆژنامەنووسان و کەسانی ئاسایی کوژران و بریندار بوون و سەرکوت کران، ئەمە زیاتر لە شەقامی شیعی و عەرەب کاریگەریی ھەبوو، ئەگینا زۆر کاریگەریی لەسەر شەقامی کوردی نەبوو. لەم ھەڵبژاردنەی ئەم جارە و بەم شێوازی بازنانەیییە، حیزبە گەورەکان قازانج دەکەن و حیزبە بچووکەکان تێیدا زەرەرمەند دەبن، ئەو کەسانەی لەلایەن عەرەبەکانەوە کاندید کراون، ئەو کەسانە نین کە چالاک بوون و لە خۆپێشاندانەکاندا دەوریان ھەبوو و داوای سیستەمی تەکنۆکراتیان دەکرد و، وا پشێبینی ناکرێت بەو گوڕ و تینەی ئەوساوە کە لە شەقام داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان دەکرد، بێنەوە مەیدان و، پێشبینی دەکرێت ھەر ئەو حیزبە شیعە گەورانەی دەسەڵاتیان ھەیە و چۆنیان بوێت وا دەکەن، دووبارە لە هەڵبژاردنەکەدا سەر کەون. بۆیە تەوەقوعی ئەوە ناکرێت گۆڕانکارییەکی جەزری لە نوخبەی سیاسیی نێو پەرلەمانی عێراقدا ببێت.''

گوتیشی: ''زۆر جار لە عێراق پێش ھەر پڕۆسەیەک لایەنەکانی شیعە و شیعە و، شیعە و سوننە و ئەوانیش لەگەڵ کورددا دەکەونە لێکتێگەیشتنەوە. د. چواس، لەم بارەیەوە گوتی: ''زیاتر لەبەر ئەوەیە کە ئارامی بپارێزرێت، بەڵام ئایا داواکاریی شەقامی عێراقی بەبێ ئەم ڕێککەوتنانە جێبەجێ دەکرێت، ئەم ھەڵبژاردنە زیاتر بۆ داواکاریی شەقامی عێراقییە و زۆرینەی خەڵک بەم نوخبە سیاسییە ڕازی نییە کە ڕێککەوتن دەکەن، لێرە دەپرسین ئایا ئەم ھەڵبژاردنە، ئەو گۆڕانکارییەی لێ چاوەڕوان دەکرێت کە گەلی عێراق دەیانەوێت. بەڵام کورد دۆخێکی جیاوازی ھەیە و جوگرافی و بارێکی جیاوازی ھەیە، کورد کە ڕێککەوتن دەکات لەگەڵیان بۆ داواکاریی شەقامی عێراقی نییە، بەڵکوو بۆ مافە دەستوورییەکانی خۆیەتی و لەژێر کاریگەری و داواکاریی مافەکانی گەلی کووردایە. ئێمە لەگەل ڕژێم و کاربەدەستەکانی پێشووش لەپێناو مافەکانی خۆماندا مفاوەزات و ڕێککەوتنمان کردووە.''

ڕوونیشی کردەوە: ''ئەگەر لە ڕووی کاتەوە سەیری بکەین، ئەم ھەڵبژاردنە پێشوەختە نییە، ئەگەر ساڵی پار بکرایە پێشوەختە بوو، خۆی تەنھا ٦ مانگێکی فەرقە و ساڵی ٢٠٢٢ دەبێت ھەڵبژاردن بکرایە. ئەمە خۆدزینەوەیە لەو ڕاپەڕینەی لە تشرینی ٢٠١٩ کرا، ئەمە دواخستنی ئەزمەکەیە. لە خۆپێشاندانەکاندا نزیکەی ھەزار کەس کوژران و ١٦ ھەزار کەس بریندار بوون، بەم ھەموو حیزبە سیاسییە نەیاندەتوانی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران بێنن و دواتر کازمی دانرا کە ھیچ عومقێکی سیاسیی گەورەی نییە و جۆرێک لە بێلایەنیی پێوە دیارە، بەڵام گەر بێت و شەش مانگی تر خۆپێشاندان بکرێتەوە، ئایا کازمییەکی تر لە کوێ دێنن و چۆن دەتوانن کۆک بن لەسەر کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران؟ ئەم جارە کێشەکە ئەوە نییە کە شیعە و شیعە شەڕ دەکەن، یان شیعە و سوننە شەڕ دەکەن، بەڵکوو کێشەکە ئەوەیە کە ئاخۆ پردێک، یان لێکتێگەیشنێک لە نێوان ھاووڵاتی و دەسەڵاتی عێراقدا پێک دێت و ئەو کەسە نوێیانەی دادەنرێن دەتوانن لە ئاستی خواستی گەلی عێراقدا بن؟ بابەتەکە ئەم جارە لە نێوان ھاووڵاتی و دەسەڵاتدایە و، پرسیارە جەوھەرییەکە بۆ ئەم جارەی ھەڵبژاردن ئەوەیە کە ئایا ئەم پەرلەمانە هەر ئەوە دەبێت کە خەڵک دەیەوێت، یان ھەمان ئەوانە دەبن کە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا کاریان بۆ خۆیان کردووە و پشتیان لە خەڵک کردووە.''

 

فایزە کۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار