یەکێتیی ئەورووپا دەیانەوێت تێڕوانینی سەرۆک بارزانی لەبارەی رووداوەکان بزانن

ھەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، ئەمڕۆ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەگاتە ھەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردن لە ھەرێمی کوردستان و زانینی تێڕوانینی سەرۆک بارزانی لەبارەی رووداوەکان.
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت کۆببێتەوە.
ئاژگەیی گوتیشی، دوای ئەوەی ئەو پۆستەی وەرگرت، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا (جۆزێف بۆرێل) یەکەم سەردانیەتی بۆ ھەرێمی کوردستان، کە پێشتریش سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا بووە و پۆستی گەورەی ھەبووە، ئێستاش ئەو پۆستەی وەرگرتووە بە نوێنەرایەتیی 27 وڵاتی ئەورووپا و، یەکێتیی ئەورووپاش لە سەرەتای داڕشتنی سیاسەتی خۆیەتی لە جیھان و تازەکردنەوە و بەھێزکردنیەتی، کە یەکێتیی ئەورووپا پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە و زیاتر لە نیوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە ھەرێم بوونیان ھەیە و پەیوەندیی بەھێزیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا ھەیە.
ناوبراو دەشڵێ، سەردانیکردنی بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ پاڵپشتیی ھەرێمی کوردستانە لە ڕووی سیاسییەوە و سەردانەکەش گرنگیی زۆری ھەیە لە ڕووی ئابووری و سیاسی و ئەمنی و دۆخی ناوچەکە و ئەو تەحەدیاتانەی هەن، کە دەیانەوێت تێڕوانینی سەرۆک بارزانی بزانن لەبارەی رووداوەکان و ھەماھەنگیی زیاتر لە نێوان ئەوان و ھەرێمی کوردستاندا هەبێت.
بڵند ئیبراھیم




