عومەر ئورەیی: بە ھەموو پێوەرێک دەنگی پارتی زیاد دەکات
_(2)__2021_09_06_h18m11s59__ER.jpg)
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، ئامادەکاریی باش بۆ ھەڵبژاردن کراوە و دەڵێت، بە ھەموو پێوەرێک دەنگ و کورسیی پارتی لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق زیاد دەکات.
عومەر ئورەیی، بەرپرسی لقی ١٨ی ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری ئامێدی ئامادەکاریی باش کراوە بۆ ھەڵبژاردن و کاندیدی پارتی بە جەماوەری سنووری دەڤەری ئامێدی ناسێندراوە، بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو دەیان چالاکی بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ئامێدی بەڕێوە بەرین.''
بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "دەنگی پارتی لە ھەڵبژاردنی مانگی داھاتوو زیاد دەبێت و بەو ھۆیەوە ژمارەی کورسییەکانمان لە پەرلەمانی عێراق بەرز دەبێتەوە بۆ سەرووی ٢٥ کورسی، من خۆم پێشبینی دەکەم پارتی چەند کورسییەک زیاد بکات و بگاتە ٢٨ کورسی.''
عومەر ئورەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''چەند پێوەرێک ھەیە بۆ زیادبوونی دەنگی پارتی و پەسەندکردنی سیاسەتی پارتی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە، پڕۆژەکانی حکوومەت بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان، ھەروەھا ئەو داتا و زانیارییانەی لەبارەی ئەندام و لایەنگرانی پارتییەوە ھەیە، ئەوانە ھەمووی دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پارتی سەر دەکەوێت و بە ھەموو پێوەرێک پێشبینی زیادبوونی دەنگ و کورسیی پارتی دەکەین.''
قائید میرۆ




