نزار مەلا غەفار: سەرۆکی ھەرێم یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆی ئیمزا کرد
__2021_09_06_h17m18s7__HK.jpg)
ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆی ئیمزا کرد و بڕیاردەری لیژنەی شارەوانییەکانیش دەڵێت، پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نزار مەلا غەفار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەمواری یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆی ئیمزا کرد و فەرمانی ھەرێمیی بۆ دەرکراوە، بڕیارە دوای ئیمزای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو بکرێتەوە و لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەردەکرێت''.
بڕیاردەری لیژنە شارەوانییەکان گوتی: "یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ساڵی ٢٠١٩ لە پەرلەمان دەرکراوە، بەڵام بەھۆی جێبەجێنەکردنی ھەموار کراوەتەوە و ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە''.
نزار مەلا غەفار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "جێبەجێکردنی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان دەبێت، چونکە نزیکەی ٣٠٠ ھەزار ھاووڵاتی سوودمەند دەبن لە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ و کۆتایی بە دیاردەی زێدەڕۆ دێت لە ھەرێمی کوردستان، بێگومان لە ھەمواری یاساکەدا ڕەچاوی ڕەوشی دارایی ھاووڵاتیان کراوە و نرخی تاپۆکردن گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە.''
قائید میرۆ




