تا نیوه‌ى ئه‌مساڵ به بڕى 4 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕى بازرگانى کراوه
__2021_09_06_h17m19s47__HK.jpg)
سه‌رۆکى یه‌کێتیى هاورده و هه‌نارده‌کارانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت، به‌راورد به ساڵى ڕابردوو تۆمارکردنى کۆمپانیا ناوخۆیى و بیانییه‌کان له هه‌رێمى کوردستان زیادی کردووه، ته‌نها له‌مساڵدا زیاتر لە 800 کۆمپانیا تۆمار کراون. ده‌شڵێت، زیادبوونى کۆمپانیا ناوخۆیى و بیانییه‌کان له کوردستان وای کردووه بزاوتى ئابوورى و جووڵه‌ى بازاڕه‌کانى کوردستان گه‌شه به خۆیەوه ببینێت به شیوه‌یه‌ک کە له‌مساڵدا توانراوه به بڕى 4 ملیار دۆلار بازرگانى بکرێت.
مسته‌فا شێخ عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆکى یه‌کێتیى هاورده و هه‌نارده‌کارانى هه‌رێمى کوردستان، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: "به‌هۆى ئاسانکاریى ڕێکاره ئیدارى و کارگێڕییه‌کان لەلایەن حکوومه‌ت و به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تى بازرگانییەوە تا دێت ژماره‌ى کۆمپانیا نێوخۆیى و بیانییه‌کان له کوردستان ڕوو له زیادبوون دەکه‌ن، بۆ نموونه له ماوه‌ى ساڵانى ڕابردوودا به‌هۆى ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ى که ڕه‌خساوه بۆ په‌ره‌پیدانى بوارى ئابوورى ٣٠ هه‌زار و ٢٢٣ کۆمپانیاى بیانى و ناوخۆیى له هه‌رێمى کوردستان تۆمار کراوه، که سێ هه‌زار و ٣١٤ له‌وانه بیانین و ٢٦ هه‌زار و ٩٠٦ ناوخۆیین، به کۆى گشتییش توانراوه له‌و ڕیگایه‌نه‌وه 24114 هه‌لى کار بۆ گه‌نجان و لاوان بڕه‌خسێنرێت."
باسى له‌وه‌ش کرد: " ئه‌مه به‌ده‌ر له‌وه‌ى هه‌ر له ساڵى ڕابردوو له سلێمانى هه‌لى کار بۆ هه‌شت هه‌زار و 90 که‌س ڕه‌خساوه و هه‌زار و ٢0 کارگه مۆڵه‌تى کارکردنیان پێ دراوه و ٥٥٥ له‌وانه ئێستا کار ده‌که‌ن و ٤٦٦ى دیکه‌ش وه‌گه‌ڕ که‌وتوون، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى هه‌ر له ساڵى ٢٠٢٠دا له دهۆک ٣٦١ کارگه مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه و به‌هۆیانه‌وه حه‌وت هه‌زار و ٣٤٨ هه‌لى کاریش له پارێزگاکه ڕه‌خساوه."
ڕوونیشى کرده‌وه: "خۆشبه‌خاتانه ئێستا هه‌موو ئاماژه و پێدراوه ئابوورییه‌کان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن که دوور، یان نزیک، جوگرافیاى ئابووریى هه‌رێمى کوردستان ده‌بێته شاڕێى بازرگانى بۆ وڵاتانى ناوچه‌که، هاتنى کۆمپانیا ئه‌مه‌ریکى و چینییه‌کان باشترین نموونه‌ن له‌و ڕووه‌وه."
ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د




