ھەرێمی کوردستان لە پلان و سیاسەتی ئاوەدانکردنەوە سەرکەوتوو بووە

ھەولێر-KDP.info- شارەزایەکی ئابووری و مامۆستای زانکۆ گوتی، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو کابینەکاندا پلانێکی سەرکەوتووی داناوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان و لە پلانەکەشیدا سەرکەوتوو بوو و ئێستا کە دەبینین ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان چەندە پێشکەوتووە، شانازی بەو پێشکەوتنەوە دەکرێت.
دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق و شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردو لەو کاتەوە تاوەکوو ئێستا ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە ئاوەدانکردنەوەدایە و پێشکەوتنی زۆری بە خۆیەوە بینیووە.''
دکتۆر فازڵ نەبی گوتیشی: ''ھەرێمی کوردستان تا کۆتایی ٢٠١٣ ھەنگاوەکانی زۆر خێرا بوون، بەڵام دواتر چەند قەیرانێکی بۆ ھاتە پێش و ئەمەش وای کرد کە ئەم هەرێمە تووشی کێشە ببێت و پێشکەوتنەکانی بەو خێراییە نەڕۆن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوەستا و لە ھەموو کابینەکاندا بەردەوامیی دایە ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.''
نەبی باسی لەوەش کرد: ''چەند فاکتەری سەرەکیی وەک ئاسایش و ئاوەدانکردەوە، بوونە ھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بەو شێوەیە ئاوەدان بکرێتەوە و پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت کە وڵاتان شانازیی پێوە بکەن.''
گوتیشی: ''بەشێکی زۆری وەبەرھێنەرانی وڵاتان لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان ھاتوون. دەبینین لە ڕووی ئاوەدانییەوە ھەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو چەند پێشکەوتنی بە خۆیەوە دیتووە و بەردەوامیشە لە پێشکەوتن، ئەمە ھەموو بەرھەمی ئەو ھەوڵانەیە کە حکوومەتی ھەرێم داویەتی و ئەو کەشە ئارامەی بۆ وەبەرھێنەران ڕەخساندووە.''
دکتۆر فازڵ نەبی باسی لەوەش کرد: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ڕاست و حەکیمانەی بەکار ھێنا و پلانێکی دانا کە توانیی سەرکەوتوو بێت لەوەی ھەرێمی کوردستان ئاوەدان بکاتەوە و لەسەر ئاستی جیھانی کاردانەوەی ھەبوو، چونکە توانیویەتی سوود لەو پارەیە وەرگرێت کە لە بەغداوە بۆی ھاتووە و ئێستاش بەرھەمەکەی دیارە.''
تەنھا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانیویەتی لە نزیکەی ٣٠ وڵاتەوە کۆمپانیا بێنێتە ھەرێمی کوردستان و کاری وەبەرھێنان و ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان بکەن و بەردەوامیش لە ھەوڵدان بۆ ھێنانی کۆمپانیا و وڵاتی زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەمەش وای کردووە ھەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ گەشەی زیاتری ئابووری بکات.
بڵند ئیبراھیم




