٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێکھاتەکانی دەشتی نەینەوا پشتگیری لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- پێکھاتەکانی دەشتی نەینەوا پشتگیریی خۆیان بۆ کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپات دەکەنەوە و باس لەوە دەکەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە حیزبە بتوانێت بەبێ جیاوازی بەرگری لە ھەموو پێکھاتەکان بکات، بۆیە دەیانەوێت پارتی لە بەغدا نوێەرایەتییان بکات.

غەزوان داودی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ و نوێنەری شەبەک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی بە بیانووی جیا جیا کاندیدی کۆتای شەبەک لە دەشتی نەینەوا دوور خرایەوە، کوردانی شەبەک کە نزیکەی ٤٥ ھەزار دەنگدەر دەبن زۆرینەیان بڕیاریان داوە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن و لایەنگری پارتین، چونکە کوردی شەبەک دوو مەزھەبن؛ سوننە و شیعە. ئەوانەی سوننەن ھەموویان سەر بە پارتین و ئەوانەی شیعەشن بەشێکیان سەر بە پارتین، بۆیە داواکارین کە ھەمووان دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، چونکە پارتی تاکە حیزبە داکۆکی لە مافی ھەموو پێکھاتەکان دەکات و پشتگیرییان دەکات و دەیەوێت ببێتە نوێنەری ئەوان لە بەغدا .''

وەحیدە یاقۆ ھۆرمز، نوێنەری مەسیحییەکان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە دەشتی نەینەوا نوێنەری کۆتای مەسیحی ژمارەیەک کاندیدن، بەڵام کار دەکەین و داواش لە مەسیحییەکان دەکەین دەنگ بەو کاندیدە بدەن کە لە پارتی دیموکراتی کوردستان نزیکە، یاخود دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، چونکە تەنھا پارتی لە خەمی پێکھاتەکاندایە و کار بۆ بەدەستھێنانی مافی پێکھاتەکان دەکات، بەڵگەش ئێستا خەڵکی  دەشتی نەینەوا لە ھەرێمی کوردستان ئاوارەن و خزمەتێکی زۆر باشیان دەکرێت.''

ھەر لەم بارەیەوە، شێخ عومەر، نوێنەری پێشووی کوردی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ کە خەڵکی ناحیەی باشیکە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە سنووری بازنەی دوو زۆرینەی ئێزدییەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندان و پشتگیری لە پارتی دەکەن، بەتایبەت کاندیدی پارتی، شێروان دووبەردانی، چونکە زۆربەی خەڵکی ناوچەکە پشتگیری لە لیستی پارتی دەکەن، بۆیە پارتی زۆرینەی دەنگی ناوچەکە دەبات.''

گوتیشی: ''کوردانی ئێزدی لە باشیک پاڵپشتی لە کاندیدانی پارتی لە بازنەی دوو دەکەن و کار بۆ سەرخستنی کاندیدەکان دەکەن، چونکە دەزانن پارتی خزمەتی پێکھاتەکان دەکات و ھەمیشە دەرگای کوردستان بۆ ھەموو پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی واڵایە.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار