٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە گوژمەی 132 ملیۆن دینار چەند پڕۆژەیەك لە سۆران جێبەجێ دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا بە خەرجكردنی 132 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سۆران.

كاوە نەجم، بەڕێوەبەری شارەوانیی سۆران، لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە سوپاسەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێم بڕیاری دا بە خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە 132 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە قەزای سۆران، كە پێشتر بە هۆی قەیرانی داراییەوە راِگیرابوون".

بە گوتەی ناوبراو، كۆی پڕۆژەكان، لەو پڕۆژانەن كە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانەوە هەیە، لەوانە نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە شاقەمە سەرەكییەكانی قەزاكە و كۆنكرێتكردن و چاككردنەوەی شوێنە تێكچووەكانی بەشێك لە گەڕەكەكانی دیكە، ئەمەش دووەم جارە وەزارەتی شارەوانی پارە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان لە قەزای سۆران تەرخان دەكات.

ناوبراو روونیشی كردەوە: "جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە سەدا 15ی لەسەر داهاتی شارەوانیی سۆرانە و ئەوی دیكەی لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دابین كراوە، لە ئێستاشدا كاركردن لە بەشێك لە پڕۆژەكان دەستی پێكردووەتەوە و بە شێكی دیكەشیان دوای تەواوبوونی ڕێكارە ئیداری و یاساییەكان، بە زوترین كات دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە".

بەڕێوەبەری شارەوانیی سۆران ڕاشیگەیاند:" لە ئێستادا قەزای سۆران پێویستییەكی زۆری بە پڕۆژە هەیە، لەوانە تەواوكردنی شەقامی 30 مەتری و دروستكردنی ئەندەرپاس  و كەمەربەندی بۆ كەمكرنەوەی ئەو لۆد و فشارەی كە لە ڕووی هاتوچۆوە لەسەر لە قەزاكە هەیە، چونكە سۆران لە ڕووی سنووری ئیداری و ژمارەی  دانیشتووانەوە ڕۆژ بە رۆژ لە فراوانبووندایە".

دەشڵێ: "گۆڕِینی قەزای سۆران بۆ ئیدارەی سەربەخۆ لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە باشتربوونی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و بووژانەوەی ئابووری و جموجوڵی بازرگانی، چونكە ئەوكات سۆران دەبێتە خاوەنی بودجەی تایبەت بە خۆی و دەستكراوە دەبێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكان".

 

ئەرسەلان ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار