٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەنگدەرانی نوێ: بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و زامنكردنی ئایندەمان دەنگ بە كاندیدانی پارتی دەدەین

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستێك بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا دەكات و بەرنامەیەكی چڕوپڕی بۆ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر داڕشتووە، دەنگدەرانی نوێش كە ئەمساڵ بۆ یەكەمجار مافی دەنگدانیان هەیە، دەڵێن: "بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكان و زامنكردنی ئایندەمان، دەنگ بە كاندیدانی پارتی دەدەین".

ڕۆژی 10 ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە لیستێك لە 32 بازنەی هەڵبژاردن لە 12 پارێزگادا بەشداریی هەڵبژاردن دەكات و 52 بەربژێریشی هەیە.

ئاڵا سەدیق، كە ئەمساڵ تەمەنی 18 ساڵە و كارتی دەنگدانی خۆی وەرگرتووەتەوە و بۆ یەكەم جار مافی دەنگدانی هەیە، بۆ ‌‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "من كە ئەمساڵ دەنگ دەدەم، تەماشای قسەی بریقەداری بەربژێرەكان ناكەم، من خۆم شتەكان دەبینم و دەبیستم لە كوردستان چی كراوە، لای من پاراستنی كوردستان و ئەو ئارامییەی هەیە و ئەنجامدانی ئەو هەموو پڕۆژەیەی كە رۆژانە جیبەجێ دەكرێن لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان و زاڵبوون بەسەر قەیرانەكان و داهاتووم گرنگە، بۆیە دەنگی خۆم دەدەم بەو هێزەی خاوەنی ئەو هەموو دەسكەوتانەیە، كە ئەویش پارتییە."

ناوبراو گوتیشی: "بۆ پاراستنی ئەو قەوارە سیاسییەی هەرێمی كوردستان كە ئێستا هەمانە و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر، ڕووی داواكاریم ئاراستەی هەموو كوردستانیان دەكەم، كە زۆر بە گوڕوتینەوە بەرەو سندووقەكانی دەنگدان بچن و دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن، بۆ ئەوەی پارتی وەكو پێشوو بە هێزێكی پۆڵایینەوە بەرەو بەغدا بڕوات، چونكە دوژمنانی كورد و دەستكەوتەكانی كوردستان دژی پارتی كار دەكەن، دەزانن بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی كوردستانە و هەڵگری پەیامی نەتەوەییە و بە هیچ شێوەیەك موساوەمە لەسەر مافەكانی گەلی كورد ناكات."

لای خۆشیەوە، ئارام ئەحمەد كە ئەویش ئەمساڵ مافی دەنگدانی هەیە و كارتی دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند : "پارتی هەمیشە بەرنامەیەكی بەهێزی نەتەوەیی هەیە، دەبێت كورد كەسێك بنێرێتە بەغدا كە مافی هەرێم و قەوارەكەی بپارێزێت، كە تەنها كاندیدانی پارتی دەتوانن ئەم كارە بكەن و یەك ئامانجیان هەیە و پێشمەرگەئاسا دەجەنگن لە پێناو پاراستنی كوردستان و دەسكەوتەكانیدا."

ئەحمەد دەشڵێت: "داوا لە كوردستانیان دەكەم ڕیفراندۆمێكی تر دووبارە بكەنەوە و هەموو كوردێك هزری نەتەوەیی خۆی بەكار بێنێت و دەنگ بدات بە كاندیدانی‌ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕۆژی دەنگداندا، بۆ ئەوەی دەستكەوتی زیاتر بۆ گەلی كورد و ئایندەیەكی گەش بۆ كوردستان بەدەست بێنن."

هاوكات محەمەد ئازادیش، كە دەنگدەرێكی تری نوێیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە و لە قەزای بەردەڕەش دادەنیشێت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "نەك خۆم، بەڵكو دەوروبەر و خانەوادەكەشم هەمووی هان دەدەم دەنگ بە كاندیدانی لیستی پارتی بدەن، چونكە دەبێت ئێستا ئارامی و ئاوەدانی و پێشكەوتنەكانی كوردستانمان لەبەر چاو بێت كە دوژمنانمان لەهەر چوار لاوە هیوای بۆ دەخوازن و دەزانن ئەوە پارتییە ئەو هەموو كارانە بە كردار ئەنجام دەدات و هەمیشە بۆ كوردستانێكی بەهێز قوربانی دەدات".

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار