٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاندیدی پارتی لە کەربەلا: پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەهێزتر دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

کەربەلا-KDP.info- کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەربەلا دەڵێ: "دەمانەوێ پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان نەتەوەکاندا دروست بکەین، بە تایبەت لە نێوان کورد و عەرەبدا".

د. هەیسەم عەبدولڕەحیم ئەلمەیاحی، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەسەر ئەوە کار دەکەین و دەمانەوێت پردێکی پەیوەندیی سیاسیی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێ و ئەو وێنەیە لاببەین کە لە لایەن ئەو حزبانەی بەناو ئۆپۆزسیۆنن دروست کرابوو لە دژی پارتی و، خەلکیش گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی پارتی خزمەتی خەڵک دەکات".

ناوبراو گوتیشی: "وەک پارتی لە پەرلەمانەوە کار دەکەین لە ڕووی تەندروستی و پەروەردە و سەربازییەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراق کاری هاوبەشمان هەبێ، چونکە ئامانجی پارتی گەورەیە بۆ خزمەتکردنی هەموو عێراقییەکان".

ئەلمەیاحی ئاماژەشی دا، پارتی رۆڵیکی گەورەی هەیە لە عێراقدا و ڕێبەرێکی گەورەشی هەیە، ئەویش سەرۆک بارزانییە، کە دەتوانێ ڕۆڵێکی گەورە لە عێراقدا بگێڕێت، خەلکی زۆر لە کەربەلا متمانەیان بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان و پارتی هەیە، چونکە پارتی و سەرۆک بارزانی هەولێریان کردووەتە وێستگەیەکی دیپلۆماسیی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، هەروەها هەولێر ئێستا ناوەندێکی بازرگانی و ئاوەدانییە.

 

کــاروان باعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار