٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاندیدێکی پارتی لە دەشتی نەینەوا: کاری سەرەکیمان لە بەغدا جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- کاندیدی ژمارە ٢٧ی بازنەی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای مووسڵ گوتی، دۆخی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەشتی نەینەوا زۆر باشە و پشتگیرییەکی بەھێزیان لێ دەکرێت، چونکە ھەموو پێکھاتەکان پاڵپشتی لە کاندیدانی پارتی دەکەن، بۆیە ئێمەش کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەکەین، بۆ ئەوەی مافی ھەموو پێکھاتەکان بەدەست بێت و بگەنە مافەکانیان، چونکە بەھۆی جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ تا ئێستا بەشێکی زۆری پێکھاتەکان ئاوارەن.

عەبدولسەلام شەعبان ئەلئەحمەد، کاندیدی ژمارە ٢٧ی بازنەی دووی پارێزگای مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بانگەشە لە سنووری بازنەی دوو زۆر باش بەڕێوە دەچێت کە چەندین پێکھاتە لەخۆ دەگرێت و دەکەوێتە سنووری وانکێ کە تا ئێستا حەوت ھەزار دەنگمان مسۆگەر کردووە، چونکە زۆرینەی نزیکن لە من کە عەرەب و مەسیحی و ئێزدی و کورد و ھەموو پێکھاتەکانن، بۆیە کار دەکەین و ئومێدێکی زۆرمان ھەیە بتوانین سەر کەوین.''

عەبدولسەلام شەعبان ئەلئەحمەد گوتیشی: ''نەک کورد بەتەنھا، بەڵکوو بەشێکی زۆری عەربیش پشتگیری لە ئێمە دەکەن و پێکھاتەکانی دیکەش بە ھەمان شێوە، بۆیە بانگەشمان زۆر باش بەڕێوە دەچێت و پێشوازییەکی گەرممان لێ دەکرێت.''

ئەلئەحمەد باسی لەوەش کرد: ''ئێمە بچینە بەغدا کاری سەرەکیمان کارکردن دەبێت بۆ مافی ھەموو پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی و جگە لەوەش، کاری سەرەکیی ئێمە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ە، چونکە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت ھەموو پێکھاتەکان دەگەنە مافی خۆیان، بۆیە ئێمە کاری باشی بۆ دەکەین و بەردەوام جەختی لەسەر دەکەینەوە تا جێبەجێ دەکرێت، چونکە داواکاریی ھەموو پێکھاتەکانە.''

گوتی: ''جگە لەوەش، کار دەکەین بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاسایش بۆ ناوچە کوردستانییەکان و دەشتی نەینەوا، چونکە بەھۆی نەگەڕانەوەی ئاسایش و پێشمەرگە پێکھاتەکانیش تا ئێستا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە، بۆیە کار دەکەین بگەڕێنەوە و پڕۆژە لە ناوچەکە جێبەجێ دەکەین تا دەرفەتی کار بۆ گەنجان بڕەخسێت، بۆیە ھەرچی لەدەستمان بێت بۆ ناوچەکە دەیکەین.''

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار