سەرۆک بارزانی پێشوازی له سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن كرد

هەولێر-KDP.info- کەمێک پێش ئێستا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە عەبدولمونعم عودات، سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن و شاندێکی یاوەری کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوردن و هەماهەنگی نێوان هەردوولا دەکرێت.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ عەبدولمونعم عودات، سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران پێشوازی لێکرا و لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبووەوە.
عەبدولمونعم عودات، سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن دوای گەیشتنی بۆ هەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەم سەردانەدا تاوتوێی بەرژەوەندییە ھاوبەشەكانی نێوان ئوردن و ھەرێمی كوردستان دەكەین، ھەروەھا یاداشتننامەی لێكتێگەیشتنی نێوان ھەردوولا تاوتوێ دەكەین. ئێمە پەیوەندییەكی مێژووییمان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ھەیە و ھەمیشە پەیوەندییەكان لە بەرزترین ئاستدا بووە، ئوردن بە گرنگییەوە لە ھەرێمی كوردستان دەڕوانێت، ئەو رۆڵەی سەركردایەتی ھەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا دەیگێرێت جێی بایەخ و گرنگە".
لەو سەردانەیدا سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، هەروەها چاوی بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت.




