مۆفەق شێخ شەھاب: تا سەر ئیسقان شەڕی دەستووری بۆ قەوارەی کوردستان دەکەین

ھەولێر -KDP.info- کاندیدی ژمارە ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سێی سنوری پارێزگای دھۆک گوتی، تا سەر ئیسقان شەڕی دەستووری بۆ قەوارەی کوردستان دەکەین کە بەرھەمی خوێنی شەھیدانە و پاراستنی ئەو قەوارەیە ئەرکی ھەموومانە.
مۆفەق شێخ شەھاب سوورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە بە فەرمانی حزبەکەمان زیاتر لە ٢ مانگە دەستمان کردووە بە بەسەرکردنەوەی کادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەرسێ قەزای ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش و، بانگەشەی ھەڵبژاردنیش تا ڕادەیەکی باش بەڕێوە دەچێت، بەشبەحاڵی خۆمان درێخیمان نەکردووە لە ھەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنیش پلانمان ھەیە بە شێوەیەکی فراونتر و بەھێزتر کاری لەسەر بکەین و لە دەستپێکی کاری حزبایەتی بە ھەموو توانا و نیەتێکی باش و پاک دەستم پێ کرد و ئەوەی لە دەستم ھاتبێت خۆشبەختانە کردوومە و خەڵکی خۆمان بایی ئەوە شاھیدیمان بۆ ئەدات کە درێخێم نەکردووە، ھەربۆیە خەڵکی ھەرسێ قەزای ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش و بازنەی سێیەم ھیچ درێخییان نەکردووە و بەگەرمی پێشوازییان لێمان کردووە کە ئەمە بۆ ئێمە زۆر جێگەی سوپاس و پێزانینە''.
کاندیدی ژمارە ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سێی سنوری پارێزگای دھۆک گوتیشی: ''بەپێی پێشنیاری سەرکردایەتیی پارتیمان، بڕیارە ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە بانگەشەی فەرمی لە سنووری لقی ٩ی پارتیمان دەست پێ بکات و ئێمەش خۆمان ئامادە کردووە بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی فەرمی و بڵاوەپێکردنی وێنە و پۆستەرەکانمان.''
مۆفەق شێخ شەھاب ڕوونیشی کردەوە: ''وەک دیارە عێراقی دوای سالی ٢٠٠٣ جیایە لە عێراقی پێش سەردەمی بەعس، بە ھەموو کەموکورتییەکان و جێبەجێنەکردنی دەستوور وەک خۆی بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان، ئێستا ھەموو فۆکس و چاوەکان لەسەر بڕگە و ماددە دەستوورییەکانە و، بەرنامەم ئەوەیە لەوێ لە چوارچێوەی دەستووردا بتوانم خزمەت بە دامودەزگا حکوومیەکان بکەم و کارئاسانیی زیاتر بڕەخسێنم لە نێوان فەرمانگە حکوومیەکانی بەغدا و ھەرێم و زیاتر ھەوڵ بۆ چەسپاندنی دەستوور بدەم، وەک خۆی و ئێمە لە بەغدا پێکەوە و وەک یەک تیم کار دەکەین بۆ زامنکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور کە ئەمە ئەرکی لەپێشینەی پارتی بووە و بەو ھیوایەین پێکەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تریش کار بۆ ئەم مەبەستە بکەین.''
سوورچی باسی لەوەش کرد: "تا سەر ئیسقان شەڕی دەستووری بۆ قەوارەی کوردستان دەکەین کە بەرھەمی خوێنی شەھیدانە و پاراستنی ئەو قەوارەیە ئەرکی ھەموومانە، ئەوە لێرە و لەوێ لای من جێگیر و سابت دەبێت کە شەھیدان و دەستکەوتە گرنگەکانی کوردستان پاراستنیان و شەڕکردنی یاسایی بۆیان لە ئەرکی لەپێشینەم دەبێت.''
لەبارەی ژیان و کار و چالاکییەکانی لە ڕابردوودا شێخ شەھاب ڕایگەیاند: ''مۆفەق شێخ شھاب پاشا سوورچی لە سالی ١٩٦٩ لە ناحیەی بجیلی سەر بە قەزای ئاکرێ لەدایک بوومە، من لە کاتێکدا لەدایک بوومە کە باوکم لە گەرمەی شۆڕش و پێشمەرگایەتی بووە و تا چوونە نێو تەمەنی مناڵیم بەھۆی پێشمەرگایەتی و سەرقاڵییەوە چاوم بە باوکم نەکەوت، دواتر بەھۆی بارودۆخی سیاسی و نێوخۆیی سەرەتای خوێندنی سەرەتایم لە شاری مووسڵ تەواو کرد و ئامادەییم لە قەزای ئاکرێ بوو، لە سەرھەڵدانی گەورەی کوردستان لە بەھاری سالی ١٩٩١ لە قەزای ئاکرێ وەک گەنجێکی تازەپێگەشتوو شانبەشانی باوکم و ھەڤاڵانی تێکۆشەرمان بەشدار بووم و ڕۆڵێکی ھەرەباشمان ھەبوو لە ڕاپەرین کە ھەمیشە جێی شانازیمانە و خۆم بەشەرفمەند و خۆشحاڵ دەزانم کە ھەر لەو ساڵەوە لەگەڵ چروسکی ڕاپەرین چەکی پێشمەرگایەتیم کردە شان و شەرفی پێشمەرگایەتیم وەرگرت. لە ساڵی ١٩٩٦ پلە و شەرفی ئەندامەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێم بەخشرا، تا سالی ٢٠٠٥ وەک ئەندامی ناوچەی بجیل دەستنیشان کرام و خۆشبەختانە سەدان کار و چالاکیمان ئەنجام دەدا و کارمان بۆ خزمەتکردنی خەڵک بوو، لە کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک کارگێڕی لقی ٩ی پارتی لە قەزای ئاکرێ دەستنیشان کرام و لە سالی ٢٠١٣ وەک بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتیی لقی ٩ دەستنیشان کرام. ئەوەی بۆ من جێی شانازی و خۆشحاڵییە لەو کاتەوە تا ئەم ساتە ھەگبەیەکی پڕم لە خزمەتکردنی ھاووڵاتیاین و خەڵک و چین و توێژەکانی ناوچەکەم داگرتووە و تا ئەم ساتەش بەردەوامم لە ئەرکەکەم .''
بڵند ئیبراھیم




