'' سەرۆک بارزانی کوردی بردە نێو هاوکێشە جیهانییەکانەوە ''

دهۆک-KDP.info- ''سی ساڵە مێژووییەکی تایبەتمان هەیە، با بەردەوامیی پێ بدەین، گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە لە هێڵی پێشەوەی شەڕی دژی داعش بوون، ستایشی هەموو ئەو قارەمانانە دەکەین، کە لە هێڵی پێشەوە شەڕیان دژی داعش کرد، ستایشی گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە دەکەین، پێشمەرگە واتە ئەوانەی ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.'' ئەمانە قسەی ئیمانوێڵ ماکرۆن بوون دەربارەی کورد لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان و، پسپۆڕانی بواری ستراتیژی و سیاسیی دەڵێن ئەوە سەرۆک بارزانی بوو توانیی هاوکێشە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بگۆڕێت و سەرۆک بارزانی توانیی سومعەیەکی جیهانیی باش بۆ کورد پەیدا بکات، چونکە ئەو سەرکردایەتیی شەڕی دژی داعشی دەکرد و توانیی شکست بە داعش بهێنێت بە نوێنەرایەتیی جیهان، بۆیە سەرکردە گەورەکانی جیهان بە ''پاڵەوان'' ناوی دەبەن.
لەو باریەوە، د. ئیبراهیم شەرەفانی، ڕاوێژکاری یاساییی ناوەندی ڕاوێژی یاسایی و ستراتیژیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەریمی کوردستان، دەڵێت: "سەرەدانی ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەولێری پایتەخت سیمای وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە پێگەی هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش بەڵگەی سەنگ و ڕۆڵی ڕێبەر و مەرجەعی کوردستان، سەرۆک مەسعوود بارزانی بوو. ئاشکراشە وەرچەرخانی مێژوویی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە بابەتە هەرە گرنگەکان دادەنرێت، بۆیە پێویستە ڕەهەندەکانی ئەم سەردانە بکرێنە بابەت و خوێندنی زانستی و ئەکادیمی، چونکە ئەمانە هاوکێشە و ڕەهەندی گرنگن''.
د. ئیبراهیم شەرەفانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، خاڵە گرنگەکانی ئەم سەردانە دیاری دەکات و دەڵێت:
یەکەم: لە هاوکێشەی نێودەوڵەتیدا سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە پەیڕەوی لە دیپلۆماسیەتی دامەزراوەیی و نیشتمانسازی ببێت بە کارەکتەرێکی کاریگەر لە سیاسیەتی نێودوڵەتید و دەربارەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەتایبەتی ڕۆڵیان وەک ئەندامێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بەگشتی و لە تێکشکاندنی ئەفسانەی داعشدا بە ڕێبەرایەتیی سەرۆک مەسعوود بارزانی و هێزی پێـشمەرگە نیشانەی دەوڵەتداری و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بوو لە وەرگرتنی بڕیارە چارەنووسسازەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی کوردستان لەسەر هاوکێشە سیاسییەکان و لەسەربنەماکانی who gets what, how, where, and when
دووەم: وەک هاوکێشەی هەرێمایەتی، سەردانی سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێڵ ماکرۆن بەڵگەی پێگەی هەرێمی کوردستانە و، هاوکات ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیچیرڤان بارزانییش تەواوکاری پرسی هەرێماییەتییە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا، هەروەها لە ڕووی هاوسەنگیی جیۆسیاسی و جیۆئابوورییەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.
سێ: هاوکێشەی نیشتمانییەکان بەتایبەت پەیوەندییەکانی ''هەوڵیر-بەغدا'' ئەم هاوکێشەیە پەیوەستە بە چەندین بواری جیاواز:
١- تێڕوانینی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بە فەلسەفەی دەوڵەتداری و فیدراڵییەتی ڕاستەقینە بەپێی دەستوور و بەرگریکردن لە مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەسەر بنەما دەستوورییەکان.
٢- پشتبەستنی هەرێمی کوردستان لەسەر تێگەی عەقڵانییەت و ئامراز و ڕیگەی ئاشتییانە بۆ چارەسەکردنی کێشە دەستووری و هەڵپەسێردراوەکان بە تایبەت:
آ- بابەتی دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی بەپێی ماددەی ٦٥.
ب- بابەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای جێبەجیکردنی ماددەی ١٤٠.
ج- گرێبەستەکانی نەوت و غاز بەپێی ماددەی ١١٢ و ١١٥.
د- پرسی پێشمەرگە و بەتایبەت بودجە و پڕچەککردنی بەپێی ماددەی ٩ی ماددەی ١١٢.
هـ - هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ جێبەجیکردنی ڕێککەوتنی شنگال و پرسی چارەسەرکردنی ئاوارەکان و بەتایبەت ئێزدییان.
چوار: هاوكێشەی ناوخۆیییەکان؛ لەم هاوکێشەیەدا سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت سەرۆکی حکوومەت گرنگیی بە چەند خاڵی گرنگ و هەستیار داوە:
1- گرنگیدان بە ڕێکخستنی نێوماڵی کوردستانی لەسەر بنەمای بەهای دیموکراسی و تۆلێرانس و پێكەوەژیانی ئاشتییانە.
2- گەشەپیدانی ئابووریی کوردستان یەکەم ئەرکی حکوومەتی کوردستانە لە بوارەکانی نەوت و غاز و زیاتر گرنگیدان بە هەمەجۆریی سەرچاوە ئابوورییەکان.
3- پاراستنی بەرقرارکردنی ئاشتی و ئارامیی نێوخوی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشەوە.
4- گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنی چاکسازی و ڕیفۆرم.
سەرۆک بارزانی لە ڕووداوەکانی ئەفغانستاندا، ڕایگەیاند، دوای ڕووداوەكانی ئەفغانستان ماوەی چەند ڕۆژێكە تەوژمێكی سیاسی و میدیایی بە ئاڕاستەی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا كار بۆ بەراوردكردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان دەكەن. لێرەدا پێویستە هەموو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە. پاڵپشتیی خەڵكیش ئەو كاتە بەهای هەیە و كاریگەر دەبێت كە بە خۆمان هەبین و ئیرادەمان هەبێت.
جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازییەكی زۆریش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە. پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە. خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە. نموونەیان داستانی كۆڕێ و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەكانی پردێ و سحێلان كە نەیارانی كوردستان پیلانی ئەوەیان هەبوو ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن. بەڵام پێشمەرگە و گەلی كوردستان بە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینیان پیلانی نەیار و دوژمنانیان هەڵوەشاندەوە.
بەپێی بۆچوونی د. ئیبراهیم شەرەفانی. ئەم وەرچەرخانە دەرئەنجامی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانە لە هاوکێشە هەستیارەکاندا و، سەرکەوتنی ستراتیژیەتی هەرێمی کوردستانە لە هاوکێشە گرنگەکان و سیاسەتی گشتیی هەرێمی کوردستانە دەربارەی دیاردە و ڕووداوەکان لەم هاوکێشە ئاڵۆزانەدا و، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هێزە گەورە و سیاسییەکەی سەرۆک بارزانی.
کــاروان بــاعەدری




