"پاراستنی زمانی کوردی پێویستی بە ئاوردانەوەیەکی جددییە"

دهۆک-KDP.info- زمانزانانی کوردی دەڵێن، دەبێ زمانی کوردی هەمیشە بە زێندوویی بمێنیتەوە و لەگەڵ دنیای جیهانگیریدا خۆی بگونجینێت و نەوەی ئایندە ڕیگە نەدەن زمانی کوردی ون بێت، چونکە زمان ناسنامە و شوناسی نەتەوەکانە.
خەلات ئەڵیاس، زمانزان و پسپۆڕی ئەدەب و زمانی کوردی دەڵێت: ''یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی مانەوەی زمان ئەوەیە کە نەتەوە زمانی خۆی هەبێت و ئەمەش لە کورددا بەدی دەکرێت و زمان گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ کورد و وەک وڵاتانەکانی تر نییە، زۆربەی وڵاتانی جیهان بە زمانی تر قسە دەکەن، بەڵام کورد زمانی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەوەی کەمە لە زمانی کوردیدا نەبوونی زمانێکی ستانداردی یەکگرتووە کە لە دامودەزگا حکوومییەکاندا پەیڕەو بکرێت.''
'' دەبێ دەسەڵاتدارانی کورد ئاوڕێکی جددی لە زمانی کوردی بدەنەوە، چونکە ئێستا سەردەمی جیهانگیرییە، بۆیە دەبێ ئەم زمانە بکەوێتە فەزای جیهانی تەکنۆلۆژیاوە و هەوڵ بدرێت بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەورووپایی وانەیەکی کوردی لە خوێندنگەکانیان بخوێندرێت، لەبەر ئەوەی کوردانی تاراوگە بێبەش نەبن لە زمانی دایک.'' ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت.
گوتیشی: ''خۆی لە خۆیدا زمانی کوردی، زمانێکی دەوڵەمەندە لە ڕووی دیالێکتەکانەوە و هەروەها لە ڕووی فۆلکلۆرەوە، چونکە تەنیا پەیڕەوانی ئایینێک بە کوردی قسە ناکەن، بگرە چەندین ئایین، لەوانە ئێزدی، مەسیحی، زەردەشتی، کاکەیی، سابیئە و... هتد. ئەمانەش گرنگییەکی گەورەیان لە پاراستنی زماندا هەیە، بۆ نموونە چەندین پەیڤی ڕەسەنی کوردایەتی لەنێو ئێزدییەکاندا دەخوێندرێت و لە هەمان کاتدا زمانی فەرمیی ئایینەکەیانە.''
زمان وەکوو ڕەگەزێکی سەرەکی بۆ پاراستنی چەمکی نەتەوە، لە زۆربەی وڵاتان گرنگییەکی زۆری هەیە و وەکوو ڕەمزێکی پیرۆز سەیری دەکەن و، لەبەر گرنگیی زمان، نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵنامەکەیدا ڕۆژێکی بۆ زمانی دایک دەستنیشان کردووە وەکوو هاندانێک بۆ زمانی گەلانی جیهان و پاراستی ئەم سەروەتەی جیهان.
لەو بارەیەشەوە، زمانزان سەعد سەباح، شارەزای مێژووی سیاسەتی زمان، دەڵێت: ''بۆ کورد گرنگیی زمان لە پاراستنی ڕۆشنبیری و دابونەریت و فۆلکلۆر و مێژوو و ناسنامەی گەلەکەیدایە، چونکە زمان بەوە دەناسرێت کە یەکێکە لە مەرجەکانی هەبوونی گەل، بۆیە ئێمە وەکوو قەوارەیەکی تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت هەمیشە و بە بەردەوامی فۆکس لەسەر گرنگیی زمانمان بکەین و فەرامۆش نەکرێت، چونکە ناحەز و دوژمنەکانمان بە شێوەی جوراوجور هەر لە کۆنەوە هەوڵی بنبڕکردنی نەژادی کوردیان داوە و یەکێک لەو هەوڵانەش لاوازکردنی زمانی کوردی و سەپاندنی زمانی خۆیان بەسەر تاکی کورددا بووە، بەداخەوە تا ئێستاش ئاسەواری ماوەتەوە لەناو کۆمەڵگادا، بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان.''
''لەوانەیە پرسیارێک بێتە کایەوە کە تاکی کورد لە بواری سیاسەتی دەرەکی و بزنس و دیپلۆماسیەت و... هتددا پێویستی بە زمانێکی بیانی بۆ دروستکردنی کەسایەتی و بەڕێکردنی ژیانی خۆی بێت؟ بێگومان ئینکاری ئەم پرسیارە ناکرێت و ڕاستە چونکە ژیان هەر لە دێرزەمانەوە تا ئێستاش لە گۆڕانگاری و پێشکەوتنی بەردەوامدایە.'' سەعد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وای گوت.
بەپێی بۆچوونی ئەم زمانزانە پاراستنی زمانی دایک و شارەزابوون لە زمانی دایک ئێستا لە هەر سەردەمێکی تر گرنگترە، چونکە کورد ئەمڕۆ لە سەردەمی گلۆبالیزمدا دەژین و لە هەندێک حاڵەتدا تووشی هێرشی ڕۆشنبیری و کەلتووریی نەخوازراوین، بۆیە باشترین ڕێگا ئەوەیە لەگەڵ زمانی دایک، کەسانی کورد زمانێکی تر، یاخود چەند زمانێک بزانن، چونکە بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان و دەستکەوتەکانی گەل و پاراستنیان پێویستی بە کەسانی لێهاتوو و کاریزما هەیە و لەگەڵ ئەمەش زمانی خۆیان پەرە پێ بدرێت.''
'' دەبێت لایەنی پەیوەندیدار هەوڵ و کۆششیان چڕتر و زیاتر بکەن لە بەهێزکردنی زمانی دایک لە ڕێگای وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە و ڕۆشنبیری بۆ ئەم کارەش، پێویستیان بە پلانی ستراتیژی و درێژخایەن و سوود بەخش دەبێت.''
گوتیشی: ''بەداخەوە بواری وەرگێڕان لە ئاستی پێویستدا نییە، دەبێت ئاستی وەرگێڕان بەهێز بکرێت و سەرچاوەکانی ئەپستمۆلۆژیی هەمەجۆر بۆ گەنجانی زانکۆ و خوێنەری کورد بەردەست بکرێت بۆ ئەوەی بەناچاری پێویستی بە سەرچاوەکانی مەعریفی لە زمانانەکانی تر نەبێت و تێنویەتیی خۆی هەر لە زمانی دایکیدا بشکێنێت و لەسەر ئاستی میدیایی، کوردیش ڕێگری لەو هەوڵانە بکرێت کە کاریگەریی سەر کۆمەلگامان دەبن و ئەو شتانەی کە ناڕەوان و مەترسین لەسەر تاک و کۆمەڵگە فیلتەر بکرێن و لە هەمان کاتیشدا میدیای کوردی زیاتر تاکی کورد بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ئەمەش پێویستی بە دیراسەیەکی قووڵ هەیە و دەبێت کەسانی شارەزا لە بواری سایکۆلۆژیا و کۆمەڵزانیدا بەشداریی ئەم پلانە ستراتیژییە ببن.''
کــاروان باعەدری




