"ئەوانەی کارتی بایۆمەتری وەرنەگرنەوە مافی دەنگدانیان نابێت"

بەپێی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەر دەنگدەرێک بەشداریی بایۆمەتریی کردبێت و کارتی دەنگدان وەرنەگرێتەوە مافی دەنگدانی نابێت لە ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقدا.
خالد عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری بەردەوامە و ٧٤%ی دەنگدەرانی دھۆک بەشداریی پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدانیان کردبوو، ئێستا لە دھۆک تەنیا ٧٧ ھەزار کارت لای کۆمسیۆن ماون و ڕۆژانە لە ڕێگەی ٤١ بنکەوە دابەش دەکرێن، ڕێژەی وەرگرتنەوەی کارتیش لە نێوان دوو تا سێ ھەزار کەسە.''
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن دەشڵێت: "داوا لە ھاووڵاتییان و دەنگدەران دەکەین سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، بە پێچەوانەوە ڕۆژی ٥/١٠/٢٠٢١ کارتەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئۆفیسی سەرەکیی بەغدا و ئەو ھاووڵاتییانەی بەشداریی بایۆمەترییان کردووە بەبێ کارتی بایۆمەتری مافی دەنگدانیان نامێنێت.''
خالد عەباس ڕوونی کردەوە: "پارێزگای دھۆک لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە لە دابەشکردنی کارتدا، واتە زۆرترین کارتی بایۆمەتری لە سنووری پارێزگای دھۆک دابەش کراوە و پێشبینی دەکرێت ڕێژەی وەرگرتنەوەی کارت لە دھۆک زۆر زیاد ببێت.''
قائید میرۆ




