ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ١٥٠مەتری کرا

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی شارەوانی ھەولێر دەڵێ، ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەشی دووەمی شەقامی ١٥٠مەتری ھەولێر کرا و، بە فەرمیی دەستی پێکرد، کە زیاتر لە ٧کم دەبێت، ئەمەش سوودی زۆری بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی ھەیە و، دەبێتە ھۆی بوژانەوەی ھەولێرییش و دەرفەتی کاریش زیاتر دەکات.
سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "دوای رەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی قۆناغی دووەمی شەقامی ١٥٠مەتری دەست پێ بکات، ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرا و، لەم ھەفتەیە لیژنەی سەرپەرشتی کردنی بۆ دیاری دەکرێت، کارەکان بە شێوەیەکی چڕ دەست پێدەکەن، کە ٧کم دەبێت، شەقامی سەرەکی ھەولێر کەسنەزان وھەولێر شەقڵاوەیە، لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت تەواو دەکرێت، ئەوەش دەبێتە ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتیان و کەمبوونەوەی جەنجاڵی و گەشەکردنی ئابووری و ھەبوونی دەرفەتی کار".
عەبدولواحید ئەحمەد گوتیشی: "لە چەند رۆژی داھاتوو دیاری دەکرێت پێویستە لە ماوەی چەند ئەو پڕۆژە تەواو بێت، بەڵام کۆمپانیای ھێمن گرووپ، کە زۆر بە توانایە، لەو ماوەی بۆی دیاری دەکرێت، زووتر تەواوی دەکات و کارەکانی دواناخات".
ئەحمەد باسی لەوەشکرد: "ئێستا پارەکەشی بۆ تەرخان کراوە و وردبینی دەکرێت و بەپێی کاتەکە دیاری دەکرێت، بەڵام پڕۆژەکە کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە و، لە چوار شەقام پێکدێت دووی سەرەکی و دووی خەدەمی دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




