٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دارا جەلیل خەیات: دەمانەوێت کۆمپانیاکانی فەرەنسا بێنین بۆ ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کۆمپانیای فەرەنسا کار دەکەن و دەیانەوێت کۆمپانیای زیاتری فەرەنسا بێنە ھەرێمی کوردستان و کاری بازرگانی بکەن.

دکتۆر دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دۆسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیریی باشمان لەگەڵ وڵاتی فەرەنسا ھەیە و دەمانەوێت لە ڕووی ئابووریشەوە پەیوەندییەکان بەھێز بکەین و کۆمپانیاکانی ئەوان ھان بدەین بێنە ھەرێمی کوردستان و کاری وەبەرھێنان بکەن، چونکە تا ئێستا جموجۆڵی بازرگانیی نێوان ھەرێم و فەرەنسا لە ئاستی تمووحی ئێمەدا نییە و دەمانەوێت زیاتری بکەین.''

دکتۆر دارا جەلیل خەیات گوتیشی: "کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی فەرەنسا لە بواری نەوت و چەند بوارێکی دیکەدا لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی کۆمپانیای زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان ڕاکێشین.''

گوتیشی: "دەمانەوێت سەردان لە نێوان ھەردوولاماندا ھەبێت، بەڵام بەھۆی کۆرۆناوە ھەندێک ڕێگری ھەیە، ئەگەرنا ھەرکاتێک بێن، ئێمە هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین.''

بەپێی ئامارێکیش، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق و فەرەنسا نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلارە و ٣٥ کۆمپانیاش لە بواری جیا جیادا لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار