د. زبێر ڕەسووڵ: سەقامگیریی عێراق بەبێ ھەرێمی کوردستان مەحاڵە

مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکانیش دەڵێت، سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان سەقامگیریی عێراقە، گرنگیپێدانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەیە کە ھەرگیز نەبووەتە مایەی کێشە بۆ ھیچ وڵاتێک و تەنانەت بۆ دراوسێکانیشی و، ئیدارەی سەرۆکایەتیی ھەرێم سەرکەوتوون و دەزانن چ کاتێک چ کارێک دەکەن.
لە ھەمبەر سەردانەکەی ٢٩ی ئابـی ٢٠٢١ی سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، بۆ ھەرێمی کورستان و گرنگیپێدانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سەربازی و ئابووری و مرۆیییەوە، د. زبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە بواری زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ٢٠١١ـوە کە ئەمەریکا لە عێراق کشانەوە و لە ٢٠١٤ ھاتنەوە ستراتیژییەکەیان گۆڕاوە، نەک بەتەنیا بەرانبەر بە عێراق، بەڵکوو بەرانبەر بە هەموو وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوین، ئەویش ئەوەیە کە ئەمەریکییەکان و ئەورووپییەکانیش دەیانەوێت ھاوکاریی سەربازی بکەن، بەڵام خۆیان لە پێشەوە شەڕ ناکەن، چەندین جار گوێمان لێیان بووە کە یارمەتیی ھێزە شەڕکەرەکان دەدەن، ئەم ھێزانەش ھێزی پێشمەرگەن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناتوانێت لە ڕووی ئابوورییەکی بەھێزەوە ھەناردە بۆ وڵاتان بکات و یارمەتییان بدات، بۆیە زیاتر لە ڕێگای سەربازییەوە هاوکارییان دەکات و پلان و ئەوانیش ستراتیژیی ئێستایان ئەوەیە کە ھاوکاریی ھاوبەشەکانیان بکەن، بەڵام خۆیان نەبن بە شەڕکەر، ئەوان پلانێکیان ھەیە کە بەرزکردنەوەی توانا لۆکاڵییەکەی هەرێمی کوردستانە و، مەبەستیان لە توانا لۆکاڵییەکەش پێشمەرگەیە، ئەمەریکییەکان و ئەورووپییەکان نایانەوێت عێراق جێ بێڵن.''
دکتۆر زبێر گوتی: ''ئەم مامەڵە دیپلۆماسییە پەیوەندیی بە دۆخی ناوچەکەوە ھەیە، ئەمەریکییەکان و ئەورووپییەکان دەزانن سەقامگیریی عێراق بەبێ ھەرێمی کوردستان مەحاڵە و، ناوچەیەکی بواری ئیشکردنی تێدا بێت و سەقامگیر بێت و ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ مانەوەی ھێزەکان و کۆمپانیاکانیان و بۆ بواری سیاسەت و دیپلۆماسییان، ھەرێمی کوردستانە، بۆیە جیا لە عێراق گرنگییەکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان دەدەن، بابەتەکە ھەر ئەم سێ چوار پارێزگایە نییە، بەڵکوو کوردستان نوێنەرایەتیی قەزیەی کورد لەلای وڵاتانی نێودەوڵەتی و، تورکیا و ئێران و سووریا دەکات، بۆیە پشتگیریی کورد لە عێراق دەکەن و، ھەموو ناوچەکە و جیھانیش لەو ڕێیەوە سەیری ھەرێمی کوردستان دەکەن.''
پەیوەست بە سیاسەت و حوکمڕانیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئەم مامۆستایە دەڵێت: ''ھەرێمی کورستان مێژوویەکی تایبەت و کۆنی دۆستایەتی لەگەڵ فەرەنسا و وڵاتانی ئەورووپی بەگشتیی ھەیە، دیپلۆماسیی سەرکردایەتیی ھەرێمی کوردستان وای کردووە زیاتر سرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستان ڕاکێشێت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و دواتر سەرۆک مەسعوود بارزانی و ئێستاش لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، ئیدارەیەکی باشی پەیوەندییەکانی داوە و لە ٢٠١٣ و دواتر ھاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعش و لە ٢٠١٧ـشەوە تاکوو ئێستا خۆشحاڵییەک ھەیە بە پەیوەندییە پتەوەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.''
ھەرێم توانیویەتی ھاوسەنگی ڕابگرێت، ھەرێمی کوردستان مایەی نانەوەی شەڕ و ئاژاوە و کێشە و ناردنی داعش و تیرۆریزم بۆ وڵاتانی تر نییە، کە سەیری ھەرێمی کوردستان دەکەین، قەت دەستی بە شەڕ نەکردووە، بەڵکوو ھەمیشە شەڕی پێ فرۆشراوە و تەنیا بەرگریی لە خاک و نیشتمان و گەلەکەی خۆی کردووە. بۆ ئێران و بۆ تورکیا و دراوسێکانیشی جێگای مەترسی نەبووە و نابێت و، نەبووە بە سەرئێشە بۆ وڵاتان، ئەوەیە نھێنیی مانەوەی ھەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی، ئەگەر ئیدارەدانێکی بەم شێوە باشەی نەبووایە، لەوانەیە گۆڕانکاری بەسەر ئەو دۆخەی ئێستادا بھاتایە، بەڵام ھەرێمی کوردستان خۆی ناسیوە و دەزانێت چ کاتێک، چی دەکات.''
زبێر ڕەسووڵ گوتیشی: ''ھەرێمی کوردستان دەزانێت کە دەوڵەت نییە و توانایەکی سنووردارمان ھەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، واتا تۆ ناتوانی خۆت لە قەرەی ھەندێک تایبەتمەندی بدەیت، چونکە دەوڵەت نین و لە چوارچێوەی وڵاتێکی وەک عێراقدا دەژین، سەربەخۆ ناتوانین چەک بکڕین و ئەو ھێزە سەربازییە فراوانەمان نییە و دەبێت دەوڵەتی عێراق بەرگری لە سنوورەکانمان بکات. زۆر جار گلەیی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت کە ئەوھای نەکرد و ئەوە ناکات، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دەوڵەت نین و توانای ھەرێمی کوردستان سنووردارە.''
فایزە کۆیی




