''پڕۆژەیەکی ستراتیژیی پیشەسازیی خۆراک لە ھەولێر دروست دەکرێت"

هەولێر -KDP.info- بڕیارە پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازیی خۆراک لە شاری ھەولێر دروست بکرێت و جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستانیش دەڵێت، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە زیاتر گرینگی بەو پڕۆژانە بدرێت کە دەبنە ھۆی بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێم.
کەمال ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە زیاتر گرینگی بەو پڕۆژانە بدرێت کە دەبنە ھۆی بەھێزکردن و پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری، ھەم ھەلی کاری زیاتر فەراھم دەکەن و ھەم دەبنە ھۆی سەرچاوەی داھات بۆ ھەرێمی کوردستان و، گەورەترین سەرمایە لە پڕۆژەکانی پیشەسازیدایە و دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار پڕۆژەی پیشەسازی جێبەجێ کراوە''.
جێگری سەرۆکی یەکێتیی وەبەرھێنەران گوتیشی: "ئەمساڵ بە گوژمەی ھەشت ملیار دۆلار پڕۆژە جێبەجێ کراوە و تێیدا تەنیا کەرتی گەشتیاری پشکی شێری بەر کەوتووە و ڕێژەکەی دەگاتە پێنج ملیار دۆلار، ئەوەش ڕێژەیەکی باشە بۆ گرینگیدان بە کەرتی گەشتیاری.''
کەمال ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە پلانی حکوومەتدان، لەوانە دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازیی خۆراک لە ڕێگەی کانی قرژاڵەی ھەولێر، ئەمە دەبێتە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ھەرێمی کوردستان و کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر کەرتی بازرگانی و پیشەسازیی خۆراک، وەک ئەوەی لە دھۆک ئێستا جێبەجێ دەکرێت.''
قائید میرۆ




