د. ڤیان سلێمان: پارتی حەڤدە ئافرەتی کاندید کردووە بۆ پەرلەمان
هەولێر -KDP.info- لەنێو لیستی کاندیدانی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراقدا ١٧ کاندیدی ئافرەت ھەیە و سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانیش دەڵێت، ھەموو کاندیدانی ئافرەت لەنێو پارتیدا شایستەی ئەوەن دەنگیان بدرێتێ و ئاشکرای کرد، ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی کاندیدانی ژن دەدەن.
د. ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆی ٥٢ کاندیدی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ١٧ کاندیدی ژنی تێدایە، ئەوەش جێگەی ئومێدی ئافرەتان و ژنانە، چونکە زۆرترین کاندید لە ھەموو دەڤەرەکان دیاری کراون، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ سەرخستنی کاندیدە ئافرەتەکانی پارتی و داوا لە دەنگدەرانی ئافرەت دەکەین بەشداریی ھەڵبژاردن بکەن و دەنگیش بە کاندیدی ئافرەت بدەن.''
سکرتێری یەکێتیی ئافرەتان گوتیشی: "بەپێی یاسا لە عێراق ڕێژەی بەشداریی ئافرەت ٢٥% دیاری کراوە، بەڵام ئێمە پلانمان ھەیە ڕێژەی ئافرەت زیاد بکرێت، بۆ نموونە لە ھەرێمی کوردستان ڕێژەکە زیاد کراوە بۆ ٣٠% و ئێمە دەمانەوێ ڕێژەکە بگەیەنینە نیوە، واتە ٥٠%ی ئافرەت بەشداری پێی بکرێت نەک ٢٥%ی ڕێژەی ئافرەت بێت.''
د. ڤیان سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "هەموو ئافرەتانی کاندیدی پارتی ساڵانێکە لە بواری جیا جیادا خزمەت دەکەن و پسپۆڕی جیاوازیان تێدا ھەیە، چالاکیی یەکێتیی ئافرەتان ھەمووی تەرخان کراوە بۆ پشتگیریی کاندیدانی ئافرەت، چونکە پێمان وایە ئافرەت ڕۆڵی گەورە و کاریگەری ھەبووە لە کایەی سیاسی و نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگە، بەتایبەتی بۆ بەرگریکردن لە مافی ئافرەت.''
لەبارەی سەرکەوتنی کاندیدانی ئافرەتەوە د. ڤیان سلێمان دەڵێت: "پێشبینی دەکەین زۆرترین کاندیدی ئافرەت بچنە پەرلەمانی عێراق و پشکی شێریش بەر کاندیدانی ئافرەتی پارتی دەکەوێت، چونکە پارتی زۆرترین کاندیدی ئافرەتی ھەڵبژاردووە.''
قائید میرۆ




