''وەبەرھێنەرانی بیانی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن''

هەولێر -KDP.info- وەبەرھێنەرانی بیانی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانیش دەڵێت، قەبارەی وەبەرھێنان زۆر زیادی کردووە و ئاشکرای کرد، تەنیا ئەمساڵ نزیکەی ٤٠٠ پڕۆژەی وەبەرھێنان پەسەند کراون.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ کەرتی وەبەرھێنان پێشڤەچوونی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، چونکە تەنیا ئەمسال ٣٩٦ پڕۆژە لە کەرتە جیاوازەکانی وەبەرھێنان پەسەند کراون، ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی ھەن بڕیارە ئەوانیش بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەمەش کەرتی وەبەرھێنان دەکەوێتە قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتن لە ھەرێمی کوردستان، قەبارەی وەبەرھێنان زۆر زیادی کردووە.''
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان دەشڵێت: "ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر وەبەرھێنەری بیانی ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و دەیانەوێت بەشداری بکەن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی وەبەرھێنان و، ڕۆژانە خەڵکێک لە دەرەوە ڕوو لە دەستەی وەبەرهێنان دەکەن بۆ ئەوەی کار لە کەرتی وەبەرھێنان بکەن.''
د. محەمەد شوکری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "چەندین پڕۆژەی ستراتیژی کاریان تێدا دەکرێت، لەوانەش پڕۆژەی پیشەسازیی خۆراک لە دھۆک، قۆناغی یەکەم کۆتاییی دێت و قۆناغی دواتر دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە گەورەترین پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازیی خۆراکە لەسەر ئاستی عێراق، پڕۆژەی دیکەی ستراتیژی ھەن بڕیارە ئەوانیش بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.''
قائید میرۆ




