٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ناسر ھەرکی: جێبەجێکردنی پڕۆژەی سەربازی بەزۆرەملێ ئەستەمە

سەرچاوە: KDP.info

دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر پڕۆژەیاسای سەربازیی بەزۆرەملێ نیشان دا، ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕەتی کردەوە لە خولی ئێستای پەرلەماندا پەسەند بکرێت و دەشڵێت، بۆ قۆناغی ئێستا زەحمەتە پڕۆژەیەکی وەھا جێبەجێ بکرێت.

ناسر ھەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیاسای سەربازی بەزۆرەملێ ھێشتا نەگەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق و لای حکوومەتە، ھەرکاتێک گەیشتە پەرلەمان، دەبێت بێتە لیژنەی تایبەتمەند و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دوای پێداچوونەوە دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، بەڵام لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا پڕۆژەکە کاری لەسەر ناکرێت و پەسەند ناکرێت لەبەر ئەوەی کات نەماوە.''

ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەشڵێت: "پڕۆژەیاسای سەربازیی بەزۆرەملێ ڕەھەندی تایبەت بە خۆی ھەیە، پێم وایە جێبەجێکردنی لە قۆناغی ئێستادا بۆ عێراق ئەستەمە، بێگومان لایەنی ئەرێنی و نەرێنیشی ھەیە و ناتوانین بڵێین ھەمووی خراپە و ھەردوو لایەنی تێدایە.''

لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە، د. ناسر ھەرکی ڕوونی کردەوە: "ھەر یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت و پەیوەندیی بە بابەتی سیادییەوە ھەبێت ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام دەکرێ لە کاتی دەنگداندا ئەو خاڵە جێگیر بکرێت کە ئایا ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، یان نایگرێتەوە.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار