دەبێت نەوەکانمان بە بیری ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی گۆش بدەین
__2021_09_01_h15m22s47__ER.jpg)
سلێمانی -KDP.info- مامۆستایەکی مێژوو دەڵێت، پێویستە کورد هاوشانی نەتەوە و دەوڵەتانی چواردەوری بیری ناسیۆنالیستیی خۆی بەهێز بکات. پڕۆسەی خوێندن بە ئاڕاستەی خزمەتکردن بە نەتەوەکەی بگۆڕدرێت و نەوەیەک پەروەردە بکات کە خاک و زمانی لە پێش هەموو شتێکەوە خۆش بوێت.
پڕۆفیسۆر دکتۆر کەیوان ئازاد، مامۆستای مێژووی زانکۆی سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ناسیۆنالیزمی کوردی، پابەندبوونی هەستی تاکەکانی کوردە بە نەتەوەکەیان. کەواتە پابەندبوون و هەست و خۆشەویستی و دڵسۆزییە لە دڵی هەرتاکێکی کوردا لە هەرشوێنێکی ئەم دنیایە بۆ نەتەوەکەی و دڵسۆزییەتی بۆ نیشتمانەکەی (کوردستان) و زمانەکەی (کوردی) و مێژوو و کەلتوور و باوەڕ و ئایینەکەی. پابەندبوون بە هەمووی ئەمانە نەتەوە دروست دەکەن و دەبنە ناسیۆنالیزمی کوردی. دیارە زاراوەی ناسیۆنالیزم، زاراوەیەکی فەلسەفیی نوێیە و تەمەنی هەر ٢٠٠ ساڵێکە و مەبەست لێی کۆکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگایە لەسەر بیری نەتەوایەتی.''
گوتیشی: "نەتەوە بووەتە چەق و پێوەری کۆکردنەوە و دروستبوونی دەوڵەتێک کە ناسیۆنالیزمی کوردی دروستی دەکات، وەک چۆن ناسیۆنالیزمی فارسی دەوڵەتی ئێران و ناسیۆنالیزمی عەرەبی چەندین دەوڵەتی عەرەبی و ناسیۆنالیزمی تورکی چەندین دەوڵەتی تورکی و تورکمانی و ئازەریی دروست کردووە. ئایا کورد ئەم ناسیۆنالیزمەی هەبووە؟ ئەمە پرسیارێکی جددی و فرەڕەهەندە، چونکە کورد نەتەوەیە، خاوەنی خاک و زمان و مێژوو و کەلتوور و دابونەریتی خۆی بووە، لەگەڵ پەیامی مێژوویی و ئایینیی خۆی، بەڵام لە باری ناسیۆنالیستییەوە لاواز بووە، چونکە کاری بۆ نەکردووە. خۆ ئەگەر کورد ناسیۆنالیزمێکی کوردیی سەربەخۆی هەبووایە، پارچە پارچە نەدەبوو. سرنج بدەن دابەشبوونی کورد لە ڕووی زمان و خاک و جوگرافیاوە ناسنامەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە؟ بۆیە بە درێژاییی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو بە نموونە بهێنینەوە، کورد نەیتوانیوە بگات بە دەوڵەت و دەوڵەتی نەتەوە. ئێمە لەو لایەنەدا لاواز بووین، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە و دەتوانین بۆ ناسیۆنالیستی کوردی هەوڵ بدەین".
گوتی: "تاکی کورد هەستی ناسیۆنالیستیی کوردیی تێدایە، بەڵام ئەو هەستە لە ئاست پێوستدا نییە. تاکی کورد خۆی بە کورد دەزانێت، بەڵام بۆ هەموو پرسێک دەگەڕێتەوە بۆ لای عەرەب و فارس و تورکەکان! بێ بەغدا و تاران و ئەنقەرە و دیمەشق پەنجە ناکات بە ئاودا! ئەمە پێی ناوترێت ناسیۆنالیزمی کوردی. ناسیۆنالیزمی کوردی ئەوکاتە بوونی دەبێت کە خەباتی خۆت بۆ نەتەوە و زمان و کەلتووری خۆت بێت و ڕێز لە زمان و خەبات و کەلتووری ئەوانی تریش بگریت. من سەیرم لێ دێت کەسانێک لە ئاستێکی بەرزی سیاسی و ئاکادیمی و پەروەردەییدا باس لە ناسیونالیزمی کوردی دەکەن، کەچی منداڵەکانیان بردووەتە قوتابخانەی تورکی، عەرەبی، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئینگلیزی و... تاد. لە کاتێکدا دەبوو ئەوان پێش خەڵکی ئاسایی منداڵەکانیان بخەنە قوتابخانە و خوێندنگا حکوومییە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان و بە زمانی کوردی پەروەردەیان بکەن، بۆیە ئەوەی ئەوان کردوویانە و دەیکەن هەرگیز خزمەتکردن نەبووە بە ناسیۆنالیزمی کوردی.''
ئەو پسپۆڕەی مێژوو گوتی: "لە دەوڵەتی تورکیا یەک چێشتخانە، یان ئوتێل نابینیت ناوەکەی کوردی بێت. لە وڵاتی ئێرانیش جگە لە ناوچە و مەڵبەندە کوردییەکان هەمان حاڵەت ڕاستە، لە تارانیش نابینیت نووسرابێت، بەڵام سەدان هۆتێل و چێشتخانە و قاوەخانە لە شارەکانی هەرێم، ناوەکانیان (ئەستەنبوڵ، تاران، دیمەشق، بەغداد، پاریس، لەندەن و... تاد)ە، بۆیە دەڵێم: ئەی کوا ناسیۆنالیزمی کوردی؟''
''تاکوو کورد ناسیۆنالیزمێکی سەربەخۆی نەبێت بۆ نەتەوەکەی، ناتوانێت وێستگەی داهاتوو دیاری بکات، ڕاسته ئێستا دەوڵەت-نەتەوە بەرەو کاڵبوونەوەیە و دەوڵەت بەرەو فرەنەتەوەیی ڕۆیشتووە، بەڵام کوردیش لەم ژینگەیە دەژی و زۆر پێویستە پەرە بە ناسیۆنالیزمی خۆی بدات، کەچی نەیکردووە.'' کەیوان ئازاد وای گوت.
گوتیشی: ''پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵامان و تەنانەت لایەنی ڕۆشنبیریشمان هەڵەیە. پەروەردەی خێزانیمان هەڵەیە و بەرەو ناسیۆنالیزمی کوردیمان نابات، بەڵکوو پەرتەوازەمان دەکات. لە پڕۆگرامەکانی خوێندنی ئێمەدا، تاکی کورد، بەرەو تاکێکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر پەروەردە ناکات، بەڵکوو تاکێکی بێئیرادە و دوور لە خۆشەویستیی نیشتمانی بۆ دروست کردووین. بەو هیوایەی لەم کابینەیەدا ئەو هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە و ئەو خەمەشمان بڕەوێتەوە. هەڵەکەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە کۆتایی هەوڵی هەر خوێندکارێک لە پۆلی دوانزیەم گەیشتنە بە نمرەی بەرز، تا لە زانکۆ و کۆلیجێکی بەرز وەبگیرێت، نەوەک لە دوانزە ساڵ خوێندندا فێری زانست و پەرەوەردە کرابێت. وەک نموونەش من لە ساڵی (٢٠٠٦ز) ئاگاداری لیژنەکانی دانانی پڕۆگرامی خوێندن بووم بۆ دارشتنەوە و پێداچوونەوەی هەر دوانزە قۆناغەکەی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی و دەزانم ئەو مامۆستایانەی بۆ لێژنەکان دانران لەسەر چ بنەمایەکی نازانستی دانران. هەربۆیە تا ئێستاش ئەو زانیارییانەی بە خوێندکاران گەیشتووە، لە ئاستی پێویستدا نییە، بۆیە پێشنیارم بۆ وەزارەت کردووە پێداچوونەوە بە پرۆگرامی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن و تاقیکردنەوەی کۆتاپۆلی خوێندنی ئامادەییدا بکاتەوە. هەروەها داوام کردووە کار بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندنی باڵاش وەک وەزارەتی پەروەردە بکرێت.''
پڕۆفیسۆر دکتۆر کەیوان ئازاد ئاماژەی بەوەش دا: ''هەر لێرەوەش داوا دەکەم بنیاتی کۆمەڵگای خۆمان و کۆمەڵگایەکی نەتەوەییی جوان و پاک بنێنەوە. هەروەک چۆن فارس و تورک و عەرەب، خزمەتی ناسیۆنالیزمی خۆیان دەکەن لە وڵاتانی خۆیاندا، ئێمەش وا بکەین و قۆناغ بە قۆناغ نەوەیەیەکی کوردی پەروەردە بکەین و لەبری ئەوەی ئینتیمایان بۆ وڵاتانی تر هەبێت، ئینتیمایان بۆ خاک و نیشتمانی خۆمان هەبێت، کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان کورت کراوەتەوە".
عەزیز ڕەسووڵ




