نه‌جووه كاكه‌یی: هێزی دیکە له كه‌ركووك هەن به‌ڵام نه‌یانتوانیوه جێگه‌ی پارتی پڕبكه‌نه‌وه

کەرکووک -KDP.info- نه‌جووه حه‌مید كاكه‌یی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پارێزگای كه‌ركووك، ده‌ڵێ، ئێمه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كارده‌كه‌ین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان و، ئاسایش بۆ شارەکە و به‌ده‌ست هێنانی ته‌واوی مافی ئافره‌تان.
نه‌جووه حه‌مید، كاندیدی پارتی به ژماره 52 له بازنه‌ی 2ی پارێزگای كه‌ركووك، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: "وه‌ك ئافره‌تێك كاندیدم، هه‌وڵده‌ده‌م مافی ئافره‌ت بۆ هه‌موو ئافره‌تانی عێراق، به تایبه‌ت ئافره‌تانی كه‌ركووك به‌ده‌ست بهێنم، پسپۆڕم، موشریفی ئیدارییم، پێمخۆشه ئافره‌ت بخوێنێت و ئاستی به‌رزی خوێندن به ده‌ست بهێنێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "دۆخی كه‌ركووك دووای 16ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017، باش نییه، نه‌بوونی پارتی و هێزی پێشمه‌رگه و ئاسایش له كه‌ركووك، لە رووی ئەمنییەوە بۆشاییەكی گه‌وره‌ی پێوه دیاره، هێزی دیکە له نێو كه‌ركووك هەیە، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه جێگه‌ی پارتی و پێشمه‌رگه پڕبكه‌نه‌وه، به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه، ئارامی و ئاسایش بۆ شارەکە ده‌گه‌ڕێته‌وه".
گوتیشی: "به‌داخه‌وه گونده‌كانی كاكه‌یی، بە گشتی به‌ره‌و چۆڵبوون ده‌ڕۆن، ئەگەر بوومه جێگای متمانه‌ی هاووڵاتییان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هه‌وڵده‌ده‌ین ئاسایش و ئاوه‌دانی بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ ته‌واوی گونده‌كان، كاتێ گونده‌كانمان چۆڵ ده‌بێت، قوتابخانه‌كان داده‌خرێن و منداڵه‌كانمان سه‌رگه‌ردان ده‌بن و ئافره‌تانمان نه‌خوێندەه‌وارده‌بن".
"ساڵانه بوودجه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان هه‌یه، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق بم، له‌و لیژنانه ده‌توانم به‌شداربین بۆ چاودێری كردنی پاره‌ی پڕۆژه و خزمه‌تگوزارییه‌كانی كه‌ركووك و، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ شارەکە و، به ته‌واوی ناوچه‌كان به‌بێ جیاوازی ناوچه‌ی عه‌ره‌ب و توركمان و كورد، خاڵێكی گرینگی كاره‌كانم، كاركردنه له‌سه‌ر باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان"، نه‌جووه كاكه‌یی وایگوت".
ده‌شڵێ: "زه‌وی كورد داگیركراوه، ئێمه كار ده‌كه‌ین له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ماف بۆ خاوه‌ن ماف بگه‌ڕێته‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ته‌ره‌فی خۆیان به خاوه‌نی زه‌وی ده‌زانن، داده‌نیشین و كێشه‌كان چاره ده‌كه‌ین، پشتیوانی ستەم لێكراو ده‌كه‌ین".
زیاتر گوتی: "له كه‌ركووك و له بازنه‌ی 2، ئۆفیسی تایبه‌ت به خۆمم كردووه‌ته‌وه و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنم ده‌ست پێكردووه، ئەویش به‌پێی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، رۆژانه خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و، سه‌ردانی خه‌ڵكی ده‌كه‌ین، پشتیوانییەكی زۆرمان هه‌یه، به ئومێدی سه‌ركه‌وتن كارده‌كه‌م، له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووكم و خه‌ڵكێكی زۆر ده‌ناسم، پشتیوانییەكی زۆری رۆشنبیران و مامۆستایانم هه‌یه، كارده‌كه‌ین تا هه‌موویان لە رۆژی ده‌نگدان، ده‌نگیان بۆ ئێمه بێت".
ئاماژەی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "گرینگه خه‌ڵكی كه‌ركووك ده‌نگ بدات به كاندیدانی پارتی، بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌یان بن، له چوارساڵی رابردوو كاندیدی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ كه‌ركووك نه‌بوو، زۆر به شاره‌كه‌مانه‌وه دیار بووه، ئێستا خه‌ڵكیش زۆر به گڕوتینه‌وه پشتیوانی كاندیده‌كانی پارتی ده‌كەن".
عه‌زیز ڕه‌سوڵ




