ئەڤین هرووری: ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیییەکان پێویستە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەن

لە درێژەی وێبینارەکانی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستاندا خاتوو ئەڤین هرووری، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیییەکانی پارتی، بابەتێکی دەربارەی ''ستراتیژی و ڕۆڵی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیییەکان'' پێشکەش کرد.
خاتوو ئەڤین هرووری ئاماژەی بەوە دا کەوا ئەرکی سەرەکییان پێگەیاندن و ئاڕاستەکردنی ڕێکخراوەکانە. گوتی، پەیوەندییەکی تۆکمە و ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ڕێکخراوەکان هەیە و گرینگیی ئەو بابەتەش لەوەوە دێت کەوا زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگای کوردستان سەر بە ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیییەکانن، بۆیە کاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر کۆمەڵگاکەمان. گوتیشی، دەستەکەیان بە شێوازێکی سیستەماتیك کارەکانیان جێبەجێ دەکەن و ئەو هەڤاڵانەی کە بەرپەرسیاری دێسکەکانن شارەزا و هاوپیشەی ئەو ڕێکخراوانانەن کە ئەوەش بووەتە هۆکاری بوونی تێگەیشتنێکی باش لە نێوان دەستە و ڕێکخراوەکاندا.
بەرپرسی دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی گوتی: ''ستراتیژیەتی دەستەکەمان بریتییە لە پێگەیاندن و ئاڕاستەکردن. بەرنامەیەکی تۆکمەمان هەیە کە لەسەر بنەماکانی سیاسەت و ستراتیژیەتی پارتیمانەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕێکخراوەکان لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەکانی خۆیان کارەکانیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام هاوکات پێویستە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و بەرپرسیاریەتییە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بەجێ بگەیەنن.'' هەروەها گوتی، دەستەکەیان کار لەسەر ئەوە دەکات کە خولی پێگەیاندن بۆ هەموو ڕێکخراوەکانی سەر بە دەستەکەیان لە هەرچوار پارێزگای هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە) بکاتەوە بە مەبەستی برەودان بە تواناکانی بەشداربووان.
هەر لە درێژەی وێبینارەکەدا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتیمان ڕۆڵی ڕێکخراوە کوردییەکانی لە ئەورووپا لە هەموو بوارەکاندا بەرز نرخاند و ئامادەباشیی دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیییەکانی پارتیمانی دووپات کردەوە بۆ هەر جۆرە هەماهەنگی و پشتگیرییەكی دامەزراوەیی بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە توانا و شارەزاییی ئەو ڕێکخراوانە. لە لایەکی ترەوە، باسی ئەوەی کرد کە لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵ و دواتریش سەرهەڵدانی داعشەوە، کوردستان بە بارودۆخێکی ئابووریی ناهەمواردا تێ دەپەڕێت و، ئەو بارە ئابوورییە هاوشێوەی هەموو دامودەزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی نەرێنیی گەورەی کردووەتە سەر بارودۆخی ئابووریی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیییەکان، بەڵام خۆشبەختانە هەموو ڕێکخراوە و سەندیکاکان لە کار و چالاکی و خزمەتەکانیان بەردەوام بوون.
هەر لە میانەی وێبینارەکەدا لەلایەن بەشداربووانەوە کە پێک هاتبوون لە کادیرانی پارتیمان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، ژمارەیەك پرسیار و تێبینی ورووژێندران و لەلایەن خاتوو ئەڤین هروورییەوە بە تێروتەسەلی وەڵامیان درایەوە.




