٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌بووبه‌كر عه‌لی: گەلی کوردستان بەھۆی ناسیۆنالیزمی کوردی و کوردستانییەوە بە ناسنامەی نوێی خۆیان ھۆشیار بوون

سەرچاوە: KDP.info

شرۆڤه‌كاری سیاسی، ئه‌بووبه‌كر عه‌لی، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا باس له‌ گرنگیی بیری ناسیۆنالیستیی كوردی ده‌كات و ده‌ڵێ، ناسیۆنالیستی كوردی لەم سەردەمەدا ئاماده‌یه‌ و وێناکردنی نەتەوەی بێ ناسیۆنالیزم قورسە، دەبووایە کورد ھەر لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانەوە وەك چوارەم نەتەوەی گەورەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتی خۆی ھەبێت.

- ئایا ناسیۆنالیزمی كوردی پێویسته‌؟

ئەم پرسیارە وەکوو ئەوەیە بوترێت، ئایا کورد وەك نەتەوە پێویستە ھەبێت؟! چونکە لەم سەردەمەدا وێناکردنی نەتەوەی بێ ناسیۆنالیزم قورسە. ھەندێ تیۆریسیەنی ناسیۆنالیزمیش وەک گیڵنەر، پێیان وایە، ناسیۆنالیزم نەتەوە دروست دەکات، نەك بەپێچەوانەوە. لێرەشەوە ناسیۆنالیزمێکی مەدەنی بۆ کورد وەك ئاوی بەسەوزیمانەوەی درەختی نەتەوە و ئامرازی گەیشتن بە مافەکان و پارێزگاریکردن لە ناسنامەی خۆیەتی".

- ده‌كرێت ناسیۆنالیزمی كوردی به‌دی بهێنین؟

تەمەنی ناسیۆنالیزمی کورد لە سەد ساڵ زیاترە. ھەر لە چوارچێوەی ئەویشدا کورد چەندین شۆڕش و ڕاپەڕینی کردووە و بەشێکیشیان تا ئێستا بەردەوامن، بۆیە ڕاستتر وایە پرسیارەکە بەم جۆرەی لێ بکرێت، ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە خۆبەناسیونالیستزانەکانی کورد لێپرسراویەتی لەئەستۆ بگرن و ھێز و توانای دەستپێشخەری بۆ ئەم ناسیۆنالیزمە بگێڕنەوە و ستراتیژیی بەدیھێنانی ئامانجەکانی دابڕێژن، کە لە مافی چارەنووس و چارەسەریی مەسەلەی کوردستان و سەربەخۆییدا خۆی دەبینێتەوە؟

- تاكوو چه‌ند پێویسته‌ تاكی كورد به‌ ناسیۆنالیزمی كوردی گۆش بکرێت؟ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كی هه‌بێت له‌سه‌ر كوردبوون و ده‌وڵه‌ت كار بكات؟

بێگومان گرنگە، بەڵام پێش  ئەوە، دەبێت ھێز و  پارت و سەرکردەکان، گوڕ و ھێز بۆ جەستەی شەکەتی ناسیۆنالیزمەکە بگێڕنەوە و ناسیۆنالیستانە مامەڵە لەگەڵ کێشە و چارەسەرەکاندا بکەن، نەك لە ڕوانگەی بەرژوەندیی حیزبی و گرووپی و ناوچەیی و ھەندێك جاریش تاکەکەسییەوە. بەڵکوو بتوانن ڕۆڵی سەرمەشق بگێڕن، نەخشەیەکی کرداری و کاتبەندکراویان ھەبێت بۆ زاڵبون بەسەر کێشەی ناکۆکی و دووبەرەکی و گەندەڵی و ناعەدالەتی و پاوانخوازیدا. کە ئەمەیان کرد، دەتوانن ھاووڵاتییان و کۆمەڵگەش بە گیانی ناسیۆنالیزمێکی نیشتمانیی گەرموگوڕ پێ بگەیەنن و بیانکەن بە بەشێکی گەورەی پڕۆژەی نیشتمانی و نەتەوەسازی.

-‌ كورد له‌ چ ‌‌كاتێكدا ده‌توانێت ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی هه‌بێت؟

دەبوو کورد ھەر لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانییەوە وەك چوارەم نەتەوەی گەورەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتی خۆی ھەبێت. ئێستاش ھەرکاتێك توانیی ھەرێم بکات بە قەوارەیەکی یەکگرتووی بەھێزی  ئیلھامبەخش و لێکتێگەیشتنی نەتەوەیی لە ئاستی ھێزەکانی پارچەکانی کوردستاندا چێ بوو، دەبێ بەرنامەیەکی ھۆشیارکردنەوەی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ئارادا بێت و سەربەخۆیی بکرێت بە ئامانجی ناوەندی ناسیۆنالیزمی کورد و گەلی کوردستان، بۆ ئەوەی کە دەرفەتێکی مێژوویی ھاتە پێشەوە، بتوانێت ئەو ئامانجە یەکجار دواکەوتووە بێنێتە دی. ھەڵبەت لێرەدا باس لە ھەندێ دۆخی ئاوارتە ناکەین کە تێیدا بوومەلەرزەی سیاسی ڕوو دەدات و ئەوەی بە دەیان ساڵ نەھاتووەتە دی، دەتوانرێت بە چەند ساڵێك بێتە دی، ناشچینە باسوخواسی دەوڵەت لەسەر ئاستی باشوور، یاخود کوردستانی گەورە، چونکە بێبەشیی مێژوویی و بەربەستەکان و دواکەوتنی دەوڵەتی کوردستان کارێکیان کردووە، وێنای دەوڵەتی باشوور تێکەڵ بە دەوڵەتی کوردستانی گەورە ببێت. واتە مەسەلەکە بووە بەوەی کورد دەوڵەتێکی ھەبێت بەدەر لە سنوور و قەڵەمڕەوەکەی.

-‌ پێتان وا نییه‌ ناسیۆنالیزمی كوردی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتواندرێت هه‌وڵه‌كانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ ڕژدتر بكرێت؟

نەك ھەر گرنگە، بەڵکوو بێ ئەوە ھەر لە بنەڕەتەوە ناکرێت. خودی داخوازیی چارەسەری کێشەی کوردستان و خواستی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە. واتە کورد و گەلی کوردستان بەھۆی ناسیۆنالیزمی کوردی و کوردستانییەوە بە ناسنامەی نوێی خۆیان و ئەم ئامانج و بەرکەوتە مێژویییانە ھۆشیار بوون.

- لە ده‌وڵه‌تانی چوارده‌وری كوردستان، به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه‌، ناسیۆنالیزمی توركی و عه‌ره‌بی و فارسی زۆر به‌هێزه‌، ئایا‌ كوردیش بە هه‌مان شێوه‌ پێویستی به‌ ناسیۆنالیزمێکی كوردیی بەھێز نییه‌؟

ئەوە شتێك نییە گومانی تێدا بێت، کورد و گەلی کوردستان پێویستیان بە ناسیۆنالیزمێکی بەھێز و یەکێتی و دیموکراسی و سەربەخۆییخوازیی بەربڵاو ھەیە، بە مەبەستی ڕێکخستن و ئاڕاستەکردنی سەرجەم تواناکان بە ئاقاری بەدیھێنانی ئامانجە بەدینەھاتووەکان و گێڕانەوەی نەتەوەی مەزنی کورد و گەلی کوردستان بۆ سەر شانۆی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان لە فراوانترین دەروازەیەوە.

 

عه‌زیز ڕه‌سووڵ


 

هەواڵی پەیوەندیدار