٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەڵبژاردنی پارتی: لە رۆژانی داھاتوودا دەست بە بڵاوکردنەوەی پۆستەرەکان ده‌کرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی ١ی ئەیلوول، بانگەشەی ھەڵبژاردن و بڵاوکردنەوەی وێنەی کاندیدەکان بەڕێوە بچێت، بەرپرسی رۆشنبیری و راگەیاندنی دەزگای گشتیی ھەڵبژاردنی پارتیش دەڵێ، رێنمایی دراوەتە کاندیدانی پارتی بۆ پاراستنی شوێنە گشتییەکان و پابەندبوون بە رێنماییەکانی کۆمسیۆن.

نیازی حەمەعەزیز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بانگەشەی ھەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیاری دەکرێت، بەڵام دیارە بۆ ھەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق سێ مانگ دیاری کرابوو بۆ بانگەشە کە زۆر بووە، ھەتا کاندیدەکانیش پێیان زۆر بووە ئەو سێ مانگە، پێشتر بانگەشە دەستی پێکردووە، بەڵام لە سبەی بەدواوە ھەڵواسینی وێنە و دروشم بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوە دەچێت، ئیدی ھەر لایەنە و بەپێی پلانی خۆی بەشداریی بانگەشە دەکات".

بەرپرسی رۆشبیری و راگەیاندنی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی گوتیشی: "لیژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی بڕیاری داوە لە رۆژانی داھاتوودا بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بە بانگەشە و بڵاوکردنەوەی پۆستەرەکان بکەین".

نیازی حەمەعەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد:ٚ "پارتی ھەموو کاندیدەکانی ئاگادار کردووەتەوە و راھێنانیش بە کاندیدان کراوە چۆن بانگەشە بکەن، بە تایبەتی رێنمایی دراوە بە کاندیدانی پارتی رێز لە یاسا بگرن و شوێنە گشتییەکانی حکوومەت و پەرستگا و شوێنە ئایینییەکان بەکار نەھێنن بۆ بانگەشە، ھەروەھا رەچاوی یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ پاک و خاوێنیی شوێنەکان و نەبنە ھۆکارێک بۆ تێکدانی ژینگە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار