سەباح بەیتوڵڵا: پارتی متمانەی تەواوی بە ئەندام و لایەنگرانی خۆی ھەیە

دھۆک ـKDP.info ـ پڕۆگرام و سیستەمی ئیدارەدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گشت خەڵک ئاشکرایە، بۆیە ئەندام و لایەنگرانی بەبێ دوودڵی پشتیوانیی لێ دەکەن و بەردەوام لە ھەڵبژاردنەکاندا سەری دەخەن. بەرپرسی لقی نۆی پارتییش لە ئاکرێ دەڵێت، متمانەی تەواومان بە ھەڤاڵان و لایەنگرنمان ھەیە و چاوەڕوانی دەنگی باشیان لێ دەکەین لە دەڤەرەکەمان.
سەباح بەیتوڵڵا، بەرپرسی لقی ٩ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارت دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە لقەکەمان، وەک ھەر ئۆرگانێکی تری حزبی کار و چالاکیی خۆمانمان ھەیە، تایبەت لەم کاتەدا کە بەرەو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، ھەڤاڵانمان دابەش کراون بەسەر شانەکاندا و نزیکەی مانگێک دەبێت دەستمان بەکار کردووە بۆ ھەڵبژاردن و کاندیدەکانی سنوورەکەمانمان ناساندووە و ئەوانیش ھاوشانی ئێمە کار و چالاکیی خۆیانیان ھەیە تا زیاتر بناسرێن.''
بەیتوڵڵا گوتیشی: ''پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە لە ئاکرێ و بەردەڕەش و دەورووبەری دەنگی باشی ھێناوە، چونکە پارتی ناسراوە و مێژوو شاھیدیی بۆ پارتی داوە کە لە ھەموو ڕووەکانەوە خزمەتکاری خەڵک بووە، گەر ھات و چاکسازییەک بکرێت بە ھیممەتی پارتی نەبێت، ناکرێت، لەم کابینەی نۆیەدا چاکسازیی باشی کردووە و بەردەوامیشە لە چاکسازی، سەرەڕای قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانیش پارتی بەردەوام بووە لە دابینکردنی مافی خەڵک و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی نەوەستاندووە، ئەندامانیشی لە بەغدا بە ھەموو تواناوە تا دوانەفەس داوای مافی میللەتیان کردووە.''
بەرپرسی لقی ٩ی پارتی لە ئاکرێ، دەڵێت: ''ئێمە وەک ئۆرگانێکی حزبیی دەڤەرەکە متمانەی تەواومان بە ئەندام و لایەنگرانمان ھەیە و سەرەڕای ھەبوونی ئەندام و لایەنگری گشت حزبەکانی تر لە دەڤەرەکەمان، بەڵام پارتی ھێزی یەکەمی دەڤەرەکەیە و دڵنیام دەنگەکانمان زۆرتریش دەبێت و ھەر بە ھێزی یەکەم دەمێنینەوە، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی شۆڕش و سەکردەی بەھێز و کاریگەر بووە لە ئێستا و داھاتووش، سەرۆک بارزانی، سەرکردەیەکە بەبێ جیاکاری و سەیرکردنی جیاوازیی ئینتیما بۆ ھەموو میللەتی کورد تێ کۆشاوە، جا لێرە سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستکەوتی ئەمن و ئاسایشی زیاتر و خزمەتی زیاتری نیشتمانە.''
فایزە کۆیی




