دیالە: رێگری لە بانگەشەی کورد دەکرێت

خانهقین-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی لە دیالە دهڵێ، چەند رۆژێکە رێگری و ئاستەنگ بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن درووست دەکرێت و کاتی بانگەشەکردنیش، لە لایەن میلیشیاکانەوە بەڵێننامە لە کاندید و کادیرەکانمان وەردەگیرێت.
شێرکو تالیب، بەرپرسی رێکخستنەکانی لقی ١٥ی خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای دیالە، رێگری ھەیە لە بانگەشەی کورد و، کاندیدەکانمان ناتوانن وەک پێویست بانگەشە بکەن، چونکە ژمارەیەک خاڵی گرینگ ھەن و پێشتر بە دەست پۆلیسەوە بوون، ئێستا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تێدایە و ئاستەنگ بۆ بانگەشە درووست دەکەن، بۆیه کورد ئازاد و دەستکراوە نییە لە بانگەشە".
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "لە زۆر ناوچە ئەو رێگریانە ھەیە، بۆ نموونە ئەگەر کاندیدێک، یا نوێنەرێکی پارتی بۆ بانگەشە سەردانی شارەدێی سەعدیە، یان ھەر شارۆچکەیەکی دیکەی سنوورەکە بکات، ئەوە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە رێگری لێدەکرێت و، بۆ چوون و هاتن داوای بەڵێننامەی لێدەکرێت".
شێرکو تالیب روونیکردەوە: "ئەو رێگریانە ساردمان ناکەنەوە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن، چونکە پارتی دوو کاندیدی لە سنووری دیالە ھەیە، بەڵام پێویستە حکوومەتی فیدراڵ کار بۆ نەھێشتنی ئەو رێگریانە بكات و، ھەموو لایەن و کاندیدێک بەپێی یاسا، بە ئازادی بتوانن بانگەشە بکەن".
قائید میرۆ




