٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاشنا بابان: ھاتنی ماکرۆن پەردەی لەسەر زۆر بابەت لادا

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ ده‌ڵێ، سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ھەرێمی کوردستان، پەردەی لەسە زۆر بابەت لادا و، ھاتنه‌كه‌یشی  پەیامێکە بۆ ئەوانەی رەوشی کوردستان و ئەفغانستانیان بەراورد دەکرد.

ئاشنا بابان، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: سەردانی سەرۆکی فەڕەنسا وەک گەورەترین ھێزی ئەورووپا و، ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، كه‌ لە نێو نەتەوەیەکگرتووەکان خاوەن بڕیارە، گرینگییه‌كی زۆری هه‌یه‌ و پەیامەکەی بەغدایشی، که‌ گوتی ئێوارە لە ھەولێرم، خۆی لە خۆیدا پشتگیرییەکی ئاشکرایە بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا جەختکردنەوەی پێگەی وڵاته‌كه‌یه‌تی لە ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان، ئەوەش بۆ ھەر ئەگەرێک، گەر بێت سیناریۆی ئەفغانستان لە کوردستان رووبدات، واتە دڵنیایی درایە خەڵکی کوردستان، كه‌ فەڕەنسای لەپشتە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت: ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ھێزی ئەمه‌ریکاش بکشێتەوە، ئەوە ھەرێمی کوردستان فەڕەنسای لە پشتە، ئەوەش جۆرێکە لە دڵنیایی کردن،  ھەم ھاوسەنگی و باڵانسێکە بۆ پشتگیری ھەرێمی کوردستان.

پێشتر سەرۆک بارزانی پەیامێکی لە بارەی رووداوەکانی ئەفغانستان بڵاوکردەوە و، تێیدا جەختی کردەوە، كه‌ رەوشی ھەرێمی کوردستان بەراورد به‌ ئەفغانستان ناکرێت و، پێشمەرگەش به‌ سوپای ئەفغانستان بەراورد ناکرێت، لەوبارەیەوە ئاشنا بابان گوتی: بەرواردکردنی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەفغانستان زۆر دوورە لە یەکتر، چونکە جیۆپۆله‌تیکی ھەرێمی کوردستان جیاوازە لە ئەفغانستان، ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێ رەوشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ رەوشی ئەفغانستان بەراورد ناکرێت، پێشتریش سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی پێکردبوو.

ئاشنا بابان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھاتنی ماکرۆن بۆ ھەرێمی کوردستان، دەرخەری ئەو راستییەیە، كه‌ لە زۆر رووەوه‌ ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی گرینگترە و ته‌نانه‌ت به‌ ھاوکێشە سیاسییەکانی رۆژھەڵاتی نێوەڕاستیش به‌راورد ناكرێت.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار