وردەکاری دیداری سەرۆکی فەڕەنسا لەگەڵ خانەوادەی شەھید ھوجام سورچی

دهۆك-KDP.info- کوڕێکی شەھید ھوجام سورچی، باسی وردەکاری دیداری نێوان خانەوادەكەی و سەرۆکی فەڕەنسا دەکات و، دەڵێ، ماكرۆن بەڵێنی دا، کە ھەرگیز پشت لە کورد ناکات و، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی کوردستان.
عومەر شەھید ھوجام سورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە سەر داوای سەرۆکی فەڕەنسا، ئێمە سەردانمان کرد و، چاوی بە ھەموو ئەندامانی خێزانەکەمان کەوت، کە چوار برا و دوو خوشک و دایکیشمان لەگەڵدابوو، زۆر پرسیاری کرد و داوای کرد، ھەرچی داواکاریمان ھەیە بۆمان جێبەجێ دەکات، بەڵام ئێمە ھیچ داواکارییەکی تایبەتمان لە سەرۆکی فەڕەنسا نەکرد، جگە لەوەی داوامان کرد پشتگیری ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بکرێت و، خوێنی شەھیدان بە فیڕۆ نەچێت، چونکە ئێمە خوێنمان لە پێناو خاک و نیشتیمان رشتووە و، کوردستان و پێشمەرگە بۆ ئێمە ھەموو شتێکە.
عومەر شەھید ھوجام سورچی گوتیشی: داوامان کرد فەڕەنسا ھیچ کات پشت لە کورد نەکات و، لە خۆشی و ناخۆشی پشتگیری کوردستان بکات، ئەویش باسی لەوەکرد سەربەزم، کە ئێوە لێرە دەبینم و چاوم پێتان کەوت.
سورچی باسی لەوەشکرد، كاتێ رۆیشتین بۆ لای سەرۆك بارزانی، خۆی ھات پێشوازی لە ئێمە کرد و خۆشحاڵ بوو، کە لە لایەن سەرۆکی وڵاتێکی گەورە بانگھێشت کراوین،
چونکە وەک جەنابیان باسیکرد، شەھیدبوونی ھوجام سورچی لە جیھان دەنگی داوەتەوە.
گوتیشی: سەرۆکی فەڕەنسا چەند داوایکرد، کە داواکاری تایبەت بکەین، ئێمە ئامادەنەبووین و، تەنیا داوامان کرد خوێنی شەھیدان بە فیڕۆ نەچێت، ئەوانیش باسیان لەوە کرد، کە ھەرگیز پشت لە پێشمەرگە ناکەن و بەردەوام پشتگیری ھێزەكانی پێشمەرگە و کوردستان و، کەسوکاری شەھیدان دەكەن، هاوكات بە دیدارەكەش زۆر دڵخۆش بوو.
بڵند ئیبراھیم




