٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كونسوڵی ئەمریكا: وڵاته‌كه‌مان لە عێراق و هەرێمی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- رۆبه‌رت پاڵه‌دینۆ، كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان   له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: وڵاتەكەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌ و گوتیشی: بارودۆخی ئه‌فغانستان جیاوازه‌ و جیاوازییه‌كه‌ی ئاسمان و رێسمانه‌.

رۆبه‌رت پاڵه‌دینۆ، كۆنسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:  دۆخی ئەمنی شنگال بە هۆی پەكەكە و حەشدی شەعبییەوە خراپە و پێویستە ئەو هێزە نایاساییانە سنوورەكە جێبهێڵن.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: كە پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

سەرۆك بایدن لەوە تێدەگات كە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ سەقامگیریی عێراق نابێت، حكوومەتی ئەمریكا دەستی بە گۆڕانكارییەكانی كردووە لە عێراق و تا كۆتایی ساڵ تەنیا هێزە شەڕكەرەكان دەڕۆن، بەڵام هەندێك لە هیزەكان بۆ راهێنانی هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە دەمێننەوە.

راشیگه‌یاند: كە پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، تەنانەت هیچ گۆڕانێكیش لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان نییە و ”سەرۆك بایدن تێگەیشتنی قووڵی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پەیوەندیی هاوبەشی نێوان خەڵكی ئەمریكا و خەڵكی هەرێمی كوردستان هەیە.

كونسوڵی گشتی ئەمریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان لە بارەی دۆخی شنگالیش رایگەیاند: باوەڕمان وایە ڕێككەوتننامەی شنگال یەكێكە لە باشترین ڕێگەكانی چارەسەركردنی دۆخی شنگال لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، رێككەوتنێكی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا لە گەڵ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی خەڵكی شنگال، باشترین چارەسەری كێشەی شنگالە.

راشیگه‌یاند: كە حكوومەتی ئەمریكا نیگەرانە لەوەی قۆناغی زۆری ئیداری و بابەتی دیكە ماون كە دەبێ كاریان لەسەر بكرێت. ئەوەی جێی داخە كە ئەو میلیشیایانەی لە شنگالن و لایەنگرییان بۆ ئێران هەیە، ڕەتیان كردۆتەوە پابەندی ڕێككەوتننامەی شنگال بن. ئەم هێزانە بەردەوامن لە كێشە دروستكردن بۆ دەسەڵاتی عێراقی. (پەكەكە) كە لە ناوچەكە هەن و هەماهەنگییان لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە، دۆخەكەی خراپتر كردووە و كێشەی ناوەتەوە، هانی پەكەكە و حەشدی شەعبی دەدەین بە تەواوەتی لە شنگال بكشێنەوە تا وەكوو ڕێگە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال بكرێت. هیوادارین هێزی ئەمنیی خۆجێیی لە ناوچەكە جێگیر بكرێت، هیواداریشین لیوا هاوبەشەكانی عێراق و پێشمەرگە لەوێ جێگیر بكرێن. بوونی ئەو هێزانە گرنگن تاوەكوو كەشێكی لەبار دروست بكرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شنگال.

كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئەمریكا شانازی بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دەكات و زۆر لێهاتوون لە ڕووبەرووبوونەوەی تیرۆر، هاوكارییەكانمان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، تا ئێستا ٢٥٠ ملیۆن دۆلار هاوكاریی جۆراوجۆرمان پێشمەركە بە پێشمەرگە كردووە و لەو هاوكارییانەش بەردەوام دەبین.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار