فه‌ره‌نسا، جه‌خت له پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه

هەولێر-KDP.info- ئێواره‌ى ئەمڕۆ یەکشەممە 29/8/2021 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له نووسینگه‌ى خۆى له هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و خاتوو ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا و شاندى یاوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، كۆنگره‌ى هاریكارى و هاوبه‌شى له به‌غدا كه دوێنێ به به‌شداریى ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتانى دراوسێ عیراق و ناوچه‌كه و سه‌رۆك ماكرۆن به‌ڕێوه چوو، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا و بواره‌كانى هاریكاریى هاوبه‌ش، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عیراق، دۆخى سووریا و پرسى كورد له‌وێ، تاوتوێ كران.
سەرۆک ماكرۆن وێڕاى ئاماژه به په‌یوه‌ندییه له‌مێژینه‌كانى فه‌ره‌نسا و گه‌لى كوردستان، بەردەوامیی پشتگیری و هاوکاریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوه، هه‌روه‌ها ستایشى هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵى پێشمه‌رگه و سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى لە تێکشکاندنی داعشدا کرد.
لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ستایشی پشتگیریى به‌رده‌وامى فه‌ره‌نسا له هەرێمی کوردستان كرا و جه‌خت لە گرنگیی كاركردن و هەماهەنگی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كرایه‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق بەگشتی و کێشەكانى هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عیراق بەتایبەتی، هەروەها ڕۆڵی ئەرێنیی فەرەنسا و هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو ئاسایش و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌دا، بەرز هه‌ڵسه‌نگێنرا.
دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان له هه‌رێمى كوردستان و عیراق، گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شه‌نگال و زەمینەخۆشکردن به‌مه‌به‌ستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه بوو كه تیایدا به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسان و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه و نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له فه‌ره‌نسا، له لایه‌نى فه‌ره‌نسیش به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسان و ڕاوێژكارانى دیپلۆماسى و سه‌ربازى و باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له به‌غدا و كونسولیى گشتیى فه‌ره‌نسا له هه‌رێمى كوردستان، به‌شدار بوون.
دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هه‌ردوو سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و ئیمانوێل ماكرۆن، له لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیى هاوبه‌شدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان، باسیان له ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه كرد. سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى گوتى:
ئێواره‌تان باش،
خۆشحاڵین كه لە هەولێر پێشوازی لە سەرۆک ماکرۆن دەکەین. به ناوى گه‌لى كوردستانه‌وه به گه‌رمى به‌خێرهاتنی جه‌نابتان ده‌كه‌ین بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
جه‌نابى سەرۆک زۆر به خێر بێن.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا ئه‌مڕۆ باسمان لە په‌یوه‌ندییه‌كانی هەردوولا کرد، دۆخى سیاسى و ئه‌منى له عیراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عیراقمان تاوتوێ کرد. ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و پێشبینییه‌كان بۆ داهاتوو، بیروڕامان گۆڕییه‌وه. جه‌ختمان كرده‌وه له بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانمان و فراوانكردنى هاوبەشی و هاریکاری و به‌رده‌وامیى پشتگیریى فه‌ره‌نسا بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان له شه‌ڕى دژى تیرۆردا.
له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌دا و له كاتێكدا کە عێراق بەرەو پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی نیشتمانی دەڕوات، سه‌ردانى سه‌رۆك ماكرۆن بۆ به‌غدا و هه‌ولێر زۆر مانابه‌خشه و په‌یامێكى ڕوونى به‌رده‌وامیى پشتگیریى فه‌ره‌نسایه بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە عیراق و هه‌رێمى كوردستان. ئێمه به پێ‌زانین و بایه‌خێكى زۆره‌وه له‌م سه‌ردانه‌یان ده‌ڕوانین.
جەنابی سەرۆك، ئێوە ڕۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەتان هەبوو لە كۆكردنەوەی سەركردەكان و ئەنجامدان و سەرخستنی كۆنگرەی لووتكەی بەغدا. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە و بۆ پشتگیریی جەنابتان لە عیراق. هیوادارین ئەنجامى كۆنگرەكە ببنە هۆی سەقامگیری و ئارامی بۆ عیراق و ناوچەكە بە شێوه‌یه‌كی گشتی و بە بەردەوامیی هەوڵ و پشتگیریی جەنابتان، ناكۆكی و كێشەكانی ناوچەكە، هیوادارین چارەسەر ببن.
وەک بیرهێنانەوەیەکی پێویست، زۆر سوپاسى هه‌ڵوێست و ڕۆڵى سه‌رۆك ماكرۆن ده‌كه‌م له چاره‌سه‌ركردنى ئاڵۆزییه‌كانى پاییز‌ى 2017 له‌گه‌ڵ به‌غدا و كردنه‌وه‌ى ده‌رگای گفتوگۆى سیاسى و دیپلۆماسى به‌ڕووى هه‌رێمى كوردستاندا. به هاوكاریى جه‌نابیان، هه‌ولێر و به‌غدا گفتوگۆیان ده‌ست پێكرده‌وه و لێكگه‌یشتن و ئارامى دروست بوو.
ئێمه له عیراق پێویستیمان به یارمه‌تییه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش كه هێشتا له عیراق و ناوچه‌كه و له جیهانیش، مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه. پێویستیمان به یارمه‌تى بۆ چەسپاندنی سه‌قامگیرى، بۆ به‌هێزكردنى دیموكراسى و کاراکردنی دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت، بۆ چاكسازى و پێشكه‌وتن، بۆ به‌شدارى و هاوبه‌شیى پێكهاته‌كان له ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنى وڵات‌دا هه‌یه، بۆ پته‌وكردنى پێكه‌وه‌ژ‌یان و بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كان به‌تایبه‌تى كریستیان و ئێزدییه‌كان هه‌ست به متمانه و دڵنیایى بكه‌ن له‌م وڵاته‌دا.
بۆیە چاومان له به‌رده‌وامیى كارى پێكه‌وه‌یى و پشتگیریى فه‌ره‌نسایه وه‌ك هێزێكى كاریگه‌ر و ئه‌ندامى هه‌میشه‌یى له ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى كه پێگه و ڕۆڵێكى كارا‌ى هه‌یه لەسەر ئاستی جیهان له به‌ره‌نگاربوونه‌ى تیرۆر و كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا.
له بواره‌كانى ئابوورى و وزه و بازرگانى، كولتووری، ئەكادیمی و زانستی و پێویستییەکانی دیكه‌ی وڵات‌دا، عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌توانن هاوبه‌شێكى باشی فه‌ره‌نسا بن. كۆمپانیا فه‌ره‌نسییه‌كان ده‌توانن به‌شداریى به‌هێز بكه‌ن له په‌ره‌پێدان و پێشخستنى كار و پرۆژه‌كاندا له هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ده‌توانن وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى بكه‌ن، لەمباره‌یەشەوە هه‌موو پشتگیرى و ئاسانكاری له هه‌رێمى كوردستدا دابین ده‌كرێت.
دووباره جه‌نابى سه‌رۆك زۆر به خێر بێی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
مێرسى.
پاشان سه‌رۆك ماكرۆن له لێدوانه‌كه‌یدا گوتى:
سوپاس.. زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە، لەگەڵ جەنابتان و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران و جێگرانی سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەک. بە ڕاستی بەلامەوە گرنگ بوو کە لەگەڵ ئێوەدام و خۆشحاڵیشم لە هەولێرم.
دۆستایەتییەکی تایبەتی لەنێوان فەرەنسا و کوردستاندا هەیە. گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون.
دەتوانم بڵێم سەربازانمان لەگەڵ هەسەدەش ڕۆڵێکی باشیان گێڕا. ئەمڕۆ جارێکی دیکە هاوسۆزیی گەلی فەرەنسام بۆ سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە و دڵنیاییم دا لە بەردەوامبوونمان لە هاوکاریکردن لە شەڕی دژی داعش، بۆئەوەی داعش لە سنوورەکانی عێراق و سووریا سەرهەڵنەداتەوە، چونکە ئەم شەڕە پەیوەندیدارە بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ئەورووپاش.
هەرێمی کوردستان جوامێریی پیشاندا بەرامبەر بەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە سووریا و ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە لە ئێزدی و سوورییەکان ڕوویان لە ناوچەکە کرد. فەرەنساش لەگەڵ ئێوەدا بوو لە یارمەتیدانی ئاوارەکان. فەرەنسا جوامێر بوو لەو هاوکاریکردنە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا هاوکاریی حکوومەت دەگەیه‌نێتە نەخۆشخانەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە. لەمبارەیەوە هاوئاهەنگیمان بەردەوام دەبێت.
دوێنێش بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتم کردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانمان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خەڵک بێت، بەتایبەتیش هەموو هەوڵێک بدەین لەپێناو ئاوارە و پەنابەرانی ئێرەدا. لە بابەتی شنگالیشدا هەرێمی کوردستان لەسەر هێل بوو، جا لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش بە هەموومان لە هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەکی وەهاین کە ئەو خەڵکە بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان. بۆ کریستیانەکانیش بە هەمان شێوە، ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ گەڕانەوەیان. لە بابەتی ڕۆژئاڤاش بە هەمان شێوە لەگەڵتان دەبین بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی. بەگشتییش گرنگە کەشێکی ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا دروست بکەین. ئێمە لەگەڵ سەقامگیریی ناوچەکەداین و لەگەڵ ئەوەداین ئاشتی بەدەست بهێندرێت.
گرنگە ئەکتەرەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ئەم مەبەستە پێكه‌وه کار بکەن، ئەوانەی دوێنێ لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بوون، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی وڵاتان، بە گرنگییەوە هاوئاهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکرێت و ڕۆڵی کوردیش لەبەرچاو بگیرێت کە ئێوە ڕۆڵێکی گرنگتان لەم بوارەدا هەیە. زۆر خۆشحاڵ بووین کە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی کۆبووینەوە.
لە ماوەیەکی نزیکیشدا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کۆدەبمەوە، دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە لە وەفای فەرەنسا بۆ ئێوە و دۆستەکانی، بەگشتی بۆ کوردەکان.
زۆر سوپاس سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ ئێوه.




