'' فەرەنسا چ مەسجێکی سیاسیی پێی بوو؟"
__2021_08_29_h18m49s35__HK.jpg)
دهۆک-KDP.info- هاتنی ئیمانوێل ماکرۆن مەسجێکی ڕوونی سیاسیی لەگەڵدا بوو، سەردانەکەی نیگای هەموو میدیا جیهانییەکانی خستە سەر هەولێر و لێخۆڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن بەپێی قسەی شارەزایانی سیاسی مەسجێکی گەورەیی پێ بوو کەوا هەولێر شوێنیکی دیپلۆماسیی گرنگە بۆ ناوچە و، شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەدەن کە کودە داخراوەکانی دەکرێنەوە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا و دەبێ کورد وەبەرهینانی لەم پەیوەندییانەدا بکەن.
عیدۆ خامۆکا، شارەزای زانستە سیاسییەکان و مامۆستای زانکۆ، دەربارەی هاتنی ماکرۆن لە چوارچێوەی لووتکەی بەغدادا دەڵێت: ''فەرەنسا دەیەوێت ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت و نیەتپاکیی خۆی پێشان بدات کە لە سەردەمی داگیرکاریدا بەشێک نەبووە لە پارچەکردن و داگیرکردنی ئەم هەرێم و ناوچەیە و، دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هێژمۆنیی زیاتری هەبێت کە خۆی یەکێکە لە وڵاتە هەرە کاریگەر و ئەندامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەنگیشی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان زۆرە و پشکداریکردنی سەرۆکی فەرەنسا لە لوتکەی بەغدا بۆ عێراق و فەرەنساش بەهێزە و بەپێی لێکدانەوەکان ئەمە مەسجێكە کەوا هەردوو وڵات خاوەن پێگەی بەهێزی سیاسی و دیپلۆماسین و ئەمە نامەیەکی تر بوو بۆ ئەوەی دەبێ وڵاتە هەرێمییەکان زیاتر ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرن.''
''دووپاتکردنەوەی پەیوەندییەکان''
'' پەیوەندییەکانی فەرەنسا و کورد لە پەیوەندیی دۆستانە فرەوانترە و ئەم پەیوەندییانە نوێ نین، فەرەنسا هەست بەوە دەکات دەبێ کورد ببێتە خاوەنی قەوارەی سیاسی و لە کۆچی ملیۆنی و سەرهەڵداندا، فەرەنسا لە هەموو وڵاتیك زیاتر لەگەڵ کورد بوو و پێکهێنانی ناوچەی ئارامدا فەرەنسا خۆی کردە خاوەن، ڕاستە ناکرێت ئێمە وا هەست بکەین کە فەرەنسا تا کۆتاییی خاڵ لەگەڵمان دەبێت، بەڵام لەم کات و ساتەدا فەرەنسییەکان ڕۆڵێکی گەورە دەبینن و دەیانەوێت کورد بەهێز بێت لە چوارچێوەی عێراقدا.'' عیدۆ خامۆکا وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوت.
لە کاتی ئەو ئابڵۆقە دیپلۆماسییەی لەسەر هەرێمی کوردستان بوو، فەرەنسا تاکە وڵات بوو توانی دەرگا بۆ هەرێمی کوردستان بکاتەوە و کوردستان بکەوێتە سەر ڕێرەوی دیپلۆماسیی جیهانی، بۆیە دەبێ ئێمەی کورد وەبەرهینان لەم پەیوەندییانەدا بکەین و ڕیگە نەدەین هەوراز و نشێو بکەوێتە ئەم پەیوەندییانەوە. هاوکات فەرەنسا بەکردەوە لەگەڵ ئەوەیە کە ئاسەواری دووئیدارەیی نەمێنێت و پێشمەرگە وەک هێزیكی نیشتمانی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێک بخرێتەوە.
پەیامی ماکرۆن بۆ پێکهاتەکان
عیدۆ خامۆکا ئاماژەیشی دا: "لە لووتکەی بەغدا پەیامی ماکرۆن دەربارەی پیکهاتەکان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق ڕوون بوو کە دەبێ خاوەنداری لە پێکهاتەکان بکەن و باسی ئێزدییەکانی کرد و بەکردەوەش لەگەڵ ئێزدییەکاندا بوو و لە شنگال دەستپێشخەریی ئاوەدانکردنەوەی کردووە، چەندین پرۆژە جێبەجێ دەکرێت.''
گوتیشی: ''پەیامێکی دیکەی ماکرۆن ئەوە بوو کە فەرەنسا هەرگیز دژی ئایینی ئیسلام نەبووە و لەگەڵ فرەئایینی و فرەنەتەوەیییە، بەڵام بەڕوونی دژایەتیی گوتاری ڕق و کینە و توندڕەویی کردووە، بۆیە لەگەڵ ئازادیی ئایین و بۆچوونەکانە و دژی توندڕەوییە بە هەموو شێواز و جۆرەکانییەوە.''
کــاروان بــاعەدری




