د. عادل باخەوان: بوونی فەرەنسا لە کوردستان تەنیا پەیوەندیی بە سۆز و دۆستایەتییەوە نییە

سەردانی سەرۆکی فەرەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی دۆستایەتیدا نەماوەتەوە و وەک بەڕێوەبەری سەنتەری فەرەنسی ئاماژە بۆ دەکات، ستراتیژی لە سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئێمانوێل ماکرۆندا ھەیە و بوونی فەرەنسا لە کوردستان تەنھا پەیوەندیی بە سۆز و دۆستایەتییەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بەو ڕەھەندی ستراتیژییەوە ھەیە.
د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری سەنتەری فەرەنسی بۆ توێژینەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕوداوێکی دیپلۆماسیی گەورە لە عێراقدا بەڕێوە دەچێت و کۆنفرانسێکی جیھانی لە بەغداد لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ساز دەدرێت و لە کات و شوێنی دیکەدا دەگەڕێمەوە سەر چۆنیەتیی ئامادەکردنی ئەم کۆنفرانسە و دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی و، ئەوە دەمەوێ بەخێرایی ئاماژەی پێ بدەم، ھۆکار و ماناکانی سەردانی سەرۆک ماکرۆنە بۆ ھەرێمی کوردستان و لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورتیان دەکەمەوە: یەکەم، ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی ستراتیژیی لە سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئێمانوێل ماکرۆندا ھەیە و بوونی فەرەنسا لە کوردستان تەنھا پەیوەندیی بە سۆز و دۆستایەتییەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بەو ڕەھەندە ستراتیژییەوە ھەیە. دووەم، پاش ئامادەیی ھێزە سەربازییە ئەمەریکییەکان، ئامادەییی ھێزی سەربازیی فەرەنسی لە کوردستاندا، ھەم لە ڕووی چۆنایەتی و ھەم لە ڕووی چەندایەتییەوە، لە پێشی پێشەوەی ھەموو وڵاتانی دیکەوەیە، لە لایەکی دیکەوە خاکی ھەرێمی کورستان ئەو ناوچەیەیە کە فەرەنسا بە کوردستانی سووریاوە دەبەستێتەوە و کۆی یارمەتییە سەربازی و دیپلۆماسی و ئابورییەکانی فەرەنسا بۆ کوردستانی سووریا بە ھەرێمی کوردستاندا تێ دەپەڕێت.''
بەڕێوەبەری سەنتەری فەرەنسی بۆ توێژینەوە دەشڵێت: "دۆسیەی تیرۆریزم و گەڕانەوەی داعش یەکێکە لە مۆتەکەکانی جمھوریەتی فەرەنسی و سەرۆک ماکرۆن پێی وایە کورد لە سووریا و عێراقدا شەریکی یەکەمی جەنگن دژ بە تیرۆریزمی داعش، سەرۆک ماکرۆن سەر بەو نەوە دیپلۆماتکارە فەرەنسیانەیە کە باوەڕی تەواویان بەوە ھەیە کە بیناکردنەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بەبێ کورد سەر ناگرێت و خەونبینین بە ڕۆژھەڵاتێکی ناوەڕاستی سەقامگیرەوە بەبێ چارەسەرکرنی کێشەی کورد و فەلەستین بەشێکە لە موستەحیل، ھێرشی تورکیا بۆ سەر ھەرێمی کوردستان یەکێکی دیکەیە لەو مەلەفانەی کە دیپلۆماسیەتی فەرەنسی ڕووبەڕووی گومان و پرسیاری بەردەوام کردووەتەوە و فەرەنسا بەلایەوە زۆر گرنگە کە سنوورێک بۆ تورکیا دابنرێت، لەو دۆزەخەی کە لە عێراقدا تاو دراوە، فەرەنسا پێی وایە کە ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای ھەموو قەیرانەکانی، ئارامترین ناوچەیە بۆ ئەوەی لێیەوە کۆمپانیا فەرەنسییەکان کاری وەبەرھێنان بکەن و گەر پێویست بوو لە ھەرێمەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراق بڕۆن.''
د. عادل باخەوان زیاتر گوتی: "لە ساتەوەختی کاڵبوونەوەی خوازراوی ڕۆڵی ئەمەریکی لە عێراقدا، سەرۆک ماکرۆن دەخوازێت کە جمھوریەتی فەرەنسی بەشێکی گرنگی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە ئەمەریکییەکان لە عێراقدا بەجێی دەھێڵن و بۆ ئەمەش باشترین و نزیکترین پارتنێر ھەرێمی کوردستانە کە فەرەنسا دەیەوێت گرەوی لەسەر بکات، ھەموو ئەم ھۆکارانە وا دەکەن کە سەرۆک ماکرۆن بەوپەڕی ڕێزەوە لە بەردەم مارشی ئەی ڕەقیب و ئاڵای کوردستاندا ڕابوەستێت و وەک سەرۆککۆماری یەکێک لە زلھێزەکانی جیھان سەردانی پایتەختی ھەرێمی کوردستان بکات.''
قائید میرۆ




