نەھرۆ مەحموود: کاندیدانی پارتی جێگەی باوەڕی خەڵکن

لە سنووری بازنەی یەکی ھەولێر پارتی چوار کەسی کاندید کردووە و یەکێک لە کاندیدەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پارتی بۆیە ئەوانی کاندید کردووە تا لە خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراقدا خزمەتی خەڵکی بکەن.
نەھرۆ مەحموود، کاندیدی ژمارە ٢٦ی پارتی لە بازنەی یەکی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە خولی پێشووش پارتی منی کاندید کرد و لە چوار ساڵی ڕابردوودا توانیومانە وەک پارتی زۆرترین خزمەت پێشکەش بە خەڵکی کوردستان بکەین،کە ئەویش بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بووە، پارتی بەرگریکردن و خزمەت بە ئەرکی خۆی دەزانێت و بەردەوامیش دەبین.''
کاندیدەکەی پارتی دەشڵێت: "ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان شایەدی ئەو ڕاستییەن کە پارتی لە کاتی تەنگانەدا ئامادە نەبووە دەست لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان ھەڵگرێت، ئەو ڕاستییە بۆ نەیارانی ھەرێمی کوردستان لە عێراقیش ڕوونە.''
نەھرۆ مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەم جارەش بۆ خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراق متمانەی ھاووڵاتییان بەدەست بێنین ھەر دەچینەوە بۆ ئەوەی درێژە بەو خەباتەی خۆمان بدەین و نەھێڵین مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکرێن، ڕۆژانە لەنێو جەماوەرین، نەک تەنیا بەندە، ھەموو کاندیدانی پارتی جێگەی بایەخن و خەڵکی پێشوازیی گەرم لە کاندیدانی پارتی دەکەن تا لە داھاتوودا نوێنەرایەتییان بکەن.''
قائید میرۆ




