پێنجەمین جاره ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی کۆببنەوە

ھەولێر-KDP.info- بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 29-08-2021 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت و کاتژمێر 02:30 خولەک گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە باوەشێکی گەرم پێشوازیی لێکرا.
هەر یەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەولێر، پارێزگاری هەولێر و بەشێک لە وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە بۆ پێشوازی لە سەرۆککۆماری فەرەنسا ئامادەبوون.
لە فڕۆکەخانەی هەولێر پاسەوانانی شەرەف ئامادەبوون و بە رێوڕەسمی سەربازی پێشوازییان لە ئیمانوێل ماکرۆن کرد. هاوکات چەند کەسێکیش بە جلوبەرگی کولتووریی پێکهاتە جیاوازەکانەوە پێشوازییان لە سەرۆکی فەرەنسا کرد.
بە هاتنی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبێتە پێنجەم جار کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا کۆببنەوە.




