گەیلانی: خەڵکی دەڤەرەکەمان شایەتی دەدەن.. پارتی خزمەتکاری خەڵک بووە

رانیە-KDP.info- بەرپرسی لقی یانزەی پارتی دیموکراتی کوردستان دهڵێ، بۆ ھاووڵاتیانی دەڤەرەکەمان دەرکەوتووە کە پشت بە پارتی ببەستن باشترە، چونکە پارتی مەسئولە لەم بەڵێنەی کە دەیدات، کاتێک دەڵێت کار بۆ کوردستانێکی بەھێز دەکەین، بەڵێ دەیکات و کردووشیەتی.''
بەرپرسی لقی یانزەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕانیە، ھیوا گەیلانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کارێزمایی جەنابی سەرۆک بارزانی، ھەڵوێستە نەوەیی و نیشتمانییەکانی بە درێژایی مێژوو، بە تایبەت ئەو ماوەیەی سەرۆکی ھەرێم بوو، دوای سەرۆکایەتیی ھەرێمیش کاریگەریی سەرۆک بارزانی ھەر لەنێو خەڵکدا وەک خۆی مایەوە، دواتر کابینە یەک لەدوای یەکانی حکوومەتی ھەرێم، کە پارتی سەرکردایەتیی کردوون، ڕووی گەشی ئەزموونی ھەرێمی کوردستانیان نیشانی خەڵک داوە، بە فعلی پارتی خزمەتکاری خەڵک و میللەت بووە، ھەموو ئەو پێشکەوتنانەی لە کوردستان ھەیە لە بواری ئاوەدانی و لە بواری پەروەردە و لە بوارەکانی تر لە ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ و نەتەوەکانی ھەرێمی کوردستان و مافی ئافرەت و لاوان و گشت چینەکانی تر، گشتی بۆ هەوڵ و کاری پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە، پارتی بە دیپلۆماسیەتێکی زۆر سەرکەوتوو کاری کردووە ھەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.''
گەیلانی، گوتیشی: "تایبەت بە ناوچەکەی خۆمان، ھەمیشە لە نێو خەڵکدا بووین نەک تەنها بە بۆنەی ھەڵبژاردنەکانی مانگی ١٠ـی ئەمساڵەوە، خەڵکی ئەم دەڤەرەی ئێمە زۆرێکی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولەوە لە ھەر ھەلومەرجێکدا ھەر پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوونە و سەرۆک بارزانییان بە سەرۆک و ڕابەری خۆیان زانیوە، خەڵکی دەڤەرەکەمان شایەتیی ئەوە دەدەن کە لە ھەر ڕوویەکەوە بۆ ھەر کارێک ھانایان ھێنابێ بۆ لامان، بە دەم ھاناکەیانە چووین، گەر بێت و لە دەسەڵاتی ئێمەش نەبێت لایەنی پەیوەندیدارمان بۆیان ئاگادار کردۆتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن و، بۆ ھاووڵاتیانی دەڤەرەکەمان دەرکەوتووە کە پشت بە پارتی ببەستن باشترە، چونکە پارتی مەسئولە لەم بەڵێنەی کە دەیدات، کاتێک دەڵێت کار بۆ کوردستانێکی بەھێز دەکەین، بەڵێ دەیکات و کردووشیەتی.''
ناوبراو دەشڵێت: "ئەرکی ئێمە وەک ئۆرگانێکی حزبی، خزمەتکردنی خەڵکی دەڤەرەکەمانە، ھاوکات لە بەرنامەماندا ھەیە ھەڵمەتێکی ھەڵبژاردنی چڕ و پڕ بەڕێوە بەرین لەم ماوەیەی کە لە بەردەستمانە، بەبێ ئەوەی خەڵک ماندوو بکەین و بەھۆی بانگەشەوە ژینگە پیس بکەین، بە دڵنیاییەوە بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاراستنی ئەندام و لایەنگرانمان.''
فایزە کۆیی




