ئەو سەردانەی ماکرۆن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجامی باشی دەبێت

ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ھاتنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان، گرنگیی زۆری ھەیە و سەردانێکی مێژووییە و نیشانەی بەھێزیی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، چونکە فەرەنسا پێگەیەکی بەھێزی ھەیە لەسەر ئاستی جیھان و کاریگەریی زۆریشی ھەیە و پەیوەندیی زۆر باشیشی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم و سەرکردایەتیی کورددا ھەیە.
زیرەک کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھاتنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگیی زۆری ھەیە، چونکە فەرەنسا جگە لەوەی وڵاتێکی گرنگە و پێگەیەکی گرنگی ھەیە، کاریگەری لەسەر ھەموو جیھان ھەیە و ماکرۆن خۆشی لە چوارچێوەی سیاسەتی وڵاتەکەی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم و سەرکردایەتیی کورد ھەیە، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە و لە بەغداش باسی لەوە کرد کە سەردانی برادەرانی خۆم لە کوردستان دەکەم.
کەمال گوتیشی، ھەرێمی کوردستان ڕاستە بەپێی دەستوور لە چوارچێوەی عێراقدایە، بەڵام سەردانەکەی ماکرۆن بۆ هەرێم، گرنگیی خۆی ھەیە لە ھەموو روویەکەوە، بۆیە سەردانەکە مێژووییە و سەردانێکی ئاسایی نییە، بۆیە ئەو سەردانە دەچێتە چوارچێوەی سەردانی مێژوویی و نیشانەی بەھێزیی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە و وەڵامدانەوەیە بۆ ئەوانەی کە کاتێک تالیبان چووە کابوول ھەڵمەتێکیان دژی ھەرێمی کوردستان دەست پێکرد، کە گوایە ئەمەریکا و ھاوپەیمانان دەکشێنەوە و ھەرێم و عێراق دەکەونە مەترسییەوە، کە ئەمە ھیچی راست نەبوو.
راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ئەو سەردانە زۆر گرنگە بۆ ھەرێم و ئەنجامی باشیشی دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە ھاتنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان، گرنگیی تایبەتی ھەیە کە لە پاڵ سەردانی عێراق، سەردانی ھەرێمی کوردستانیشی کردووە.
بڵند ئیبراھیم




