دارا جەلیل خەیات: رێککەوتنمان لەگەڵ رووسیا کردووە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی، یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی لەگەڵ رووسیا لێکتێگەیشتنێکیان لە بواری بازرگانیدا واژۆ کردووە و بڕیارە کۆمپانیاکانی رووسیا بێنە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان و بازرگانی بکەن.
د. دارا جەلیل خەیات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "سەردانێکی وڵاتی رووسیامان کرد لە چوارچێوەی شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و، لە میانەی سەردانەکەدا لێکتێگەیشتنێکمان لەگەڵ ژووری بازرگانیی رووسیا و خاوەنکارانی ئەو وڵاتە واژۆ کرد، کە رووسیا بەتوانایە و پەوەندیکردن لەگەڵ رووسیاش گرنگە و ئەنجومەنی کاری رووسیا کە ٧ھەزار ئەندامیان ھەیە، خاوەن بازرگانی گەورەن، بۆیە سوودی زۆری بۆ بازرگانیی ھەرێمی کوردستان دەبێت و دەتوانین کەڵکی زۆر لە رووسیا وەرگرین لە بواری بازرگای و پیشەسازی و ئەو ئالیەتانەی ئەوان بەکاری دێنن".
خەیات گوتیشی: "ئێمە وەکو یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ ژووری بازرگانیی ھەمو وڵاتان ھەبێت و پێکەوە کاری بازرگانی بکەین و ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەین، لەگەڵ ھاوردەکردنی کەلوپەلی وڵاتان و ئالیەتی ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستانیش ھاوردە بکەین و بەکاری بێنین".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "رێککەوتنمان لەگەڵ رووسیا کردووە و لە داھاتوودا پێکەوە ھاوشێوەی وڵاتان کاریان لەگەڵ دەکەین، چونکە لە ھەرێمی کوردستان رووسیا کۆمپانیای نەوتیی ھەیە و گفتوگۆمان کردووە، کە کۆمپانیاکانیان لە بواری دیکەش بێن کاری وەبەرھێنان بکەن".
روونیشی کردەوە: "شاندی ئابووری لە نێوان ھەردوو حکوومەتی عێراق و رووسیا ھەیە و ئێمەش وەکو یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانیی ھەرێم، لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق سەردانی رووسیامان کردووە و بڕیارە سەردانەکان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی عێراق لە ھەموو بوارەکان بۆ وڵاتان بەردەوام بن".
بڵند ئیبراھیم




